تا ئێستا 412 كوردی رۆژهەڵڵاتى ئەندامی رێكخراوە تەكفیرییەكان كوژراون
نوچە: هەولێر
ماڵپەڕێكی كوردەكانی رۆژهەڵڵات بە ناوی (شۆڕشی نوێ) بڵاوی كردەوە، كە تا ئێستا 412 كەس لە كوردە رۆژهەڵڵاتییەكانی ناو رێكخراوە توندڕەوە تەكفیرییەكان كوژراون.
ماڵپەڕەكە بڵاوی كردۆتەوە، كە بە گوێرەی زانیارییەكانی بەردەستیان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا 549 هاوڵاتی ئێرانی لەناو ریزەکانی ئەلقاعیدەدا کوژراون، كە زۆرینەیان كوردبوون و بریتی بوون لە 412 كەس.
ماڵپەڕەكە ئەوەیشی بڵاو كردۆتەوە، كە ئەو كوردانە لە ساڵانی رابردوو لە وڵاتانی ئەفغانستان و پاكستان و چیچان و عێراق و سوریا كوژراون.
یەکێک لە ئەندامانی ئەو رێکخراوی قاعیدە بە ماڵپەڕەكەی وتووە “ئەم موجاهیدانە لە شەڕ دژ بە سیکۆلاریزم و داگیرکەرانی بیانی و بێ ئیمانەکانی ناوچە گیانیان لە دەست داوە و لەئێستادا دەیان هاوڵاتی دیکە لە رۆژهەلاتی کوردستان لەناو ریزەکانماندان”.
بڵاو بوونەوەی ئەو ئامارەی كوژراوانی كوردی رۆژهەڵڵاتی ناو رێكخراوە تەكفیرییەكان لە كاتێكدایە، كە لە چەند رۆژی رابردوو لایەنگرانی داعش لە ناو شارە كوردییەكانی رۆژهەڵڵاتی كوردستان، دەستیان بە چالاكی كردبوو بۆ پشتیوانیكردن لە داعش.