بارزانی: پێش هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتانيش، ئیرادەی ئەوەمان هەبوو كە داعش لە ناو ببەین
نوچە: هەولێر
ئەمڕۆ دوای گەیشتنی بە هەولێر و كۆبوونەوەی نێوانیان، هەر یەكە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان رێكخست و بارزانی رایگەیاند كە بەر لە گەیشتنی هاوكاری وڵاتانیش، هەرێمی كوردستان ئیرادەی لە ناو بردنی داعشیان هەبووە.
دوای گەیشتنی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەو بەرپرسە باڵایەی كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان رێكخست، لە كۆنگرەكەدا بارزانی سوپاسی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد، بۆ پاڵپشتیان لە هەرێمی كوردستان، لەو شەڕەی كە ماوەیەكە رووبەڕووی بۆتەوە، وتی “كۆماری ئیسلامی ئێران، یەكەم وڵات بووە كە چەكی بە هەرێمی كوردستان داوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش”.
بارزانی رەتی كردەوە كە بەنداوی موسڵ لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنترۆڵ كرابێتەوە، رۆژنامەنووسانیشی هاندا كە بچن و بە چاوی خۆیان راستییەكان ببینن.
هەروەها وتیشی “ئێمە پێش هاوكارییەكانیش ئیرادەی ئەوەمان هەبوو كە داعش لەناو ببەین، بەڵام بە گەیشتنی هاوكارییە سەربازییەكانیش پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لە هێرشكردن و هیوادارین ئەو شەرەفەمان پێبڕێت، كە داعش لەسەر خاكی كوردستان كۆتایی بێت”.
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەردانی سلێمانی دەكات و چاوی بە تاڵەبانیش دەكەوێت، محەمەد جەواد زەریف وتی “تاڵەبانی دۆستی دێرینی ئێمەیەو تەنیا دەمانەوێت چاومان پێی بكەوێت”.