پەرلەمانتارێكی پارتی: دەبێت شەهیدە خۆبەخشەكان هەمان ئیمتیازی شەهیدانی سەنگەریان هەبێت
نوچە: هەولێر
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە دانیشتنی دوێنی پەرلەمانی كوردستان، چەند راسپاردەیەك ئاراستەی حكومەتی هەرێم كرا، گرنگترینیان ئەوە بوو، كە شەهیدە خۆبەخشەكانیش هەمان ئیمتیازی شەهیدانی سەنگەریان هەبێت.
شوان شێخ ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان سەر بە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە نوچەی راگەیاند “لە دانیشتنی دوێنی پەرلەماندا، چەند راسپاردەیەك ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، گرنگترینیان ئەو راسپاردە بوو، كە داوا لە حكومەت كراوە، هەمان ئتیمیازی شەهیدی سەنگەر بەو شەهیدە خۆبەخشانەیش بدرێت، كە لە كاتی بەرگری كردن لە كوردستان شەهید دەبین”.
شوان زیاتر وتی “كەسانێك لە ئەوروپا دێنەوە و دەچن بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن و شەهید دەبن، یان كەسانێك لێرە دەست لە كارو كەسابەتی خۆیان هەڵدەگرن و دەچنە ریزەكانی پێشمەرگە و بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن و شەهید دەبن، ئەوانە حەقی خۆیانە وەك شەهیدی سەنگەر حیساب بكرێن، هەمان ماف و ئیمتیازاتی شەهیدی سەنگەر بە كەس و كارەكانیان بدرێت”.
شوان وتیشی “داوامان كردووە كە شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ شەهیدانی سەنگەر دابین بكرێت و موچەكانیشیان زیاد بكات، بە جۆرێك كە شەهیدە خۆبەخشەكانیش بگرێتەوە”.
شوان وتی “ئێمە بەرگری لە مافی كەسوكاری شەهیدانی سەنگەر دەكەین، بە شەهیدە خۆبەخشەكانیشەوە، بە جۆرێك كە دوای خۆیان گوزەرانی خێزانەكانیان لە ئاستێكی باشدا بێت”.