بە فەرمانی بارزانی سێ بەرپرسی پارتی لە ناوچەی شەنگال لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت
نوچە: هەولێر
بە فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم كوردستان، سێ بەرپرسی حیزبی و ئەمنی سەربازی پارتی، لەسەر كارەساتەكانی ناوچەی شەنگال لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست نوچە كەوتوون، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر كارەساتەكانی ناوچەی شەنگال، فەرمانی داوە كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ سێ بەرپرسی حیزبەكەی بكرێت، كە ئەوانیش بریتین لە سەربەست باپیری بەرپرسی لقی 17ی شەنگال و شەوكەت كانیكی بەڕێوەبەری ئاسایشی شەنگال و سەعید كێستەیی فەرماندەی سوپای یەكی زێرەڤانی.
بە گوێرەی زانیارییەكان، سەربەست باپیری هەموو هەوڵێكی خستۆتە گەڕ، كە ئەستۆ پاكی خۆی لە رووداوەكانی شەنگال بخاتەڕوو، هەر لە ماوەكانی پێشوودا رایگەیاند “لە كاتی رووداوەكاندا، حەوت جار پەیوەندی بە فازل میرانییەوە كردووە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەداوەتەوە”.
نوچە بۆ وەرگرتنی سەرنجی، چەند جارێك پەیوەندی بە فازل میرانییەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.