جموجوڵی مەترسیدار لەناوچەکانی پێنجوێن و شارەزوور سەریهەڵدەدات
نوچەنێت
دوێنێ شەو لەرێی نامەوە هۆشداری بەژنانی سەیدسادق دراوە لەشێوازی پۆشینی جلوبەرگیان، ئەمشەویش پەلاماری گۆڕی شێخێکی دیاری ناوچەی پێنجوێن و شارەزوور دراوەو هەوڵدراوە بتەقێنرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، دوێنێ شەو بەشێوەیەکی نهێنی، نامەی هۆشداریدان بەکچان و ژنان، لەچەند جێیەکی شارۆچکەی سەید سادق، بە ئۆتۆمبێلەکاندا هەڵواسراوە، و هەمان ئەو نامانەش فڕێدراوەتە چەند ماڵێکی شارۆچکەکە، ئەو نامانە کە لەژێر ناوی ” لە گەنجانی سەرەرۆی سەرشەقامەوە، بۆ کچانی نیشتیمان” نوسراوە، تێیاندا باسی خراپەی ئەو کچ و ژنانە دەکەن، کە جلی نیمچەڕووت لەبەر دەکەن و بەچەند دەستەواژەیەک سوکایەتیان پێ دەکەن، داوا دەکەن خۆیان لەو جۆرە جلوبەرگانە بەدوور بگرن، لەکۆتایی نامەکەشدا نوسیویانە، مەبەستمان هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە.
لەلایەکی ترەوە، هەر ئەمشەو هەوڵی هەڵدانەوەی مەزارگەی شێخێکی ناسراوی دەڤەری شارەزوورو پێنجون دراوە، بەناوی “شێخ محەمەدی تەڕاتەوە” کە مەزارگەیەکی ناسراوەو لەباشورو رۆژهەڵاتی کوردستانەوە خەڵکی سەردانی دەکەن، و وەکو جێیەکی پیرۆز لێی دەڕوانن، بەڵام کەسوکار و بنەماڵەی ئەو شێخە، خۆیان چەکدار کردووەو ڕووبەڕووی ئەو گروپەبونەتەوە، کە هەوڵی هەڵدانەوەی مەزارەگەکەیان داوە و تا ئێستاش بەچەکەوە بەرزاییەکانی دەوروبەری مەزارەکەیان گرتووە.
سەرچاوەیەک لەپۆلیسی شارۆچکەی پێنجوێنیش، ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوەو رایگەیاند، مەفرەزەکانی پۆلیس بەدوای تاوانبارانەوەن، وتیشی” هەوڵ دراوە مەزارگەکە هەڵبدەنەوە بەڵام فریا نەکەوتوون، بۆی هەیە هەوڵێکی تێکدەرانە بێ بۆ چاندنی تروس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکی ئەم دەڤەرەدا، بەڵام گومانیش هەیە هەوڵ درابێ ئەو مەزارگە بتەقێننەوە، چونکە ژێر مەزارگەکە کونکراوەو وا دەردەکەوێت دروستکردنی ئەو کونانە، بۆ مەبەستی دانانی تی ئێن تی بووبێت”.