هۆشیار زێباری: بۆ بەشداری لەحکومەتی عێراق گرەنتی نێودەوڵەتیمان دەوێ
نوچەنێت
سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری کورد لەبەغدا رایگەیاند، لەسەر پێکهێنانی حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی لەعێراق کۆکین، دەمانەوێ بەشدارییەکی راستەقینەمان هەبێت، بەڵام گرەنتی نێودەوڵەتیمان دەوێ.
شاندی کورد کە لەهۆشیار زێباری، فریاد راندزی، جەلال جەوهەر، نەجیب بەڵتەیی، زانا رۆستایی پێکهاتبوون، رۆژی هەینی رابردوو یەکەمین کۆبونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی ئەنجامدا، دوێنێش لەگەڵ کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق حەیدەر عەببادی کۆبونەوەو ئەمرۆش جارێکی تر لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراق، کۆبونەوەی دووەمیان ئەنجامدا.
لەدوای کۆبونەوەکان، هۆشیار زێباری سەرۆکی شاندنی دانوستاندنکاری کورد، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند” کورد پێداگری لەسەر داواکارییەکانی دەکات، کێشەکانی کوردستانمان وەک کارنامەیەک دەسنیشانکردووە و کوردستان پشتگیری بەرفرەوانی نێودەوڵەتی هەیە”.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، زێباری وتی”بەپێی ئەزمونمان بەغدا بەڵێنەکان جێبەجێ ناکات، بۆیە گەرەنتی نێودەوڵەتیمان دەوێت”.