سالار عەزیز بۆ نوچە: نەوشیروان مستەفا ئێمەیش و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیشی هەڵخەڵەتاند

نوچە: هەولێر
سالار عەزیز یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتییەتی، رایگەیاند بزووتنەوەكە لە مەبادیئە سەرەكییەكانی خۆی لایداوە، دەیشڵێت “شەخسی یەكەم ئێمەیش و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیشی هەڵخەڵەتاند”.
سالار عەزیز لە لێدوانێكدا بۆ نوچە وتی “ئەم رووداوانەی دوایی ناو بزووتنەوەی گۆڕان چاوەڕوان كراو بوون، چونكە بزووتنەوەكە بۆتە رێكخستنێك بە دەست چەند كەسێكەوە، بۆتە رێكخستنێك كە بەرژەوەندی ئابوری خۆیان هەیە و بیریان لای مەبادیئ و ئەفكاری گۆڕان نەماوە و بوونەتە حیزبێكی تەقلیدی”.
سالار عەزیز وتیشی “بە دڵنیاییەوە وەك وتم، گۆڕان لەو مەبادیئانە لایان داوە، كە ئێمە لەسەری رێككەوتین و بزووتنەوەكەمان راگەیاند، پێموایە شەخسی یەكەمی گۆڕان، لە پێناو بەرژەوەندییە شەخسییەكانی خۆی، ئێمەیش و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیشی هەڵخەڵەتاند””.
سالار عەزیز دەربارەی چارەنووسی بزووتنەوەی گۆڕان وتی “بزووتنەوەكە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان پشتیوانیان لێكرد، كە بوو بە حیزبی چەند ئەفەندییەك و لایلندا لە بیروباوەڕەكانی بزووتنەوەكە ئیتر خەڵك پشتیوانی ناكات، بۆیە بە دڵنیاییەوە چاوەڕوانی شكستی گەورە تری گۆڕان دەكەم”.
سالار عەزیز یەكێكە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام بەهۆی بوونی رەخنەوە لە رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆِڕان، لە ماوەكانی پێشوودا دەستی لە بزووتنەوەكە كێشایەوە، ئێستایش هەر یەكە لە مام رۆستەم و عوسمانی حاجی مەحمود كە دوو هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەكەن، هەواڵی دەست لەكار كێشانەوەیان لە بزووتنەوەی گۆڕان، لە راگەیاندنەكانەوە بڵاو كراوەتەوە، مام رۆستەمیش بە نوچەی راگەیاند “دوای دەست لەكار كێشانەوەكەم لە بزووتنەوەی گۆڕان، جارێ بە نیاز نیم پەیوەندی بە هیچ حیزبێكەوە بكەم”.