كاروانێكی مەسیحییەكانی موسڵ گەیشتنە پاریس
نوچەنێت-ئاژانسەكان
لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە فڕۆكەخانەی پاریس پێشوازی لە كاروانی یەكەمی ئەو مەسیحییانەی كرد، كە دەگوترێت مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە لە عێراقدا.
بەگوێرەی ئاژانسەكان، یەكەم كاروانی مەسیحییەكان لە 40 كەس پێكهاتووە و زۆربەیان كەس و كاریان لە فەرەنسا هەیە، هەرچەندە زۆرێكیان 10-15 ساڵە یەكدییان نەبینیوە.
لۆران فابیۆس، لە رێورەسمی پێشوازی لەو مەسیحییانەدا گوتی، لە هەفتەكانی داهاتوودا چەند سەد كەسێكی تریش لە مەسیحییەكانی عێراق دەگەنە فەرەنسا.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە دوای پەلامارەكانی داعشەوە بۆسەر موسڵ، تا ئێستا 8000 مەسیحی داوای داوای مافی پەنابەرێتییان لە ووڵاتی فەرەنسا كردووە.
حكومەتی فەرەنسا ووتوویەتی، زیاتر ئەو مەسیحییانە پەسەند دەكات كە كەس و كاریان لە فەرەنسا هەن.