لێدوانی ئاسایش لەبارەی تەقینەوەكەی هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایدەگەیێنێت، كە باری ئەمنی شاری هەولێر جێگیرە. ئاماژە بەوەشدەكات كە لە نزیكترین كاتدا زانیاریی لەسەر تەقینەوەكە ئاشكرا دەكەن.
د.تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “تیمەكانی ئاسایش دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكە كردووەو لە نزیكترین كاتدا تەواوی زانیارییەكان ئاشكرا دەكەین”. بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیانی شاری هەولێر و گوتی “باری ئەمنی هەولێر جێگیرەو رەوشەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە”.
كاژێر 6:12 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێك لەسەر رێگای هەولێر كەركووك لە نزیك پەیمانگای تەكنیكی هەولێر تەقییەوەو بەهۆیەوە چوار كەس بریندار بوون.