مام رۆستەم دوای وازهێنانی لە گۆڕان: جارێ بە نیاز نیم پەیوەندی بە هیچ حیزبێكی ترەوە بكەم
نوچە: هەولێر
مام رۆستەم بازیانی و عوسمانی حاجی مەحمود كە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕانن، وازهێنانی خۆیان لە بزووتنەوەكە راگەیاند، مام رۆستەم بۆ نوچە وتی “جارێ بە نیاز نیم پەیوەندی بە هیچ حیزبێكەوە بكەم”.
لە لێدوانێكدا بۆ نوچە، مام رۆستەم وازهێنانی خۆی لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند، بەڵام باسی لە هۆكاری وازهێنانەكەی نەكرد.
مام رۆستەم “دەست لەكاركێشانەوەكەم پەیوەندی بە داواكاری تایبەتی و بە دەستهێنانی پلەو پۆستەوە نیە، هەموو كەسێك من دەناسێنێت و ئەوەی بەلامەوە گرنگ نەبووبێت پلەو پست بووە”.
مام رۆستەم كە لە رێگەی تەلەفۆنەوە لێدوانی بۆ نوچە دەدا، وتی “ئێستا لە ناو ئۆتۆمبێلدام و لە هەولێرم، بەڵام لە داهاتوودا هەموو شتێك روون دەكەمەوە”.
دەربارەی بەرنامەی داهاتووی خۆی وتی “جارێ بە نیاز نیم پەیوەندی بە هیچ حیزبێكی ترەوە بكەم”.
بە گوێرەی زانیارییەكانی نوچە، عوسمانی حاجی مەحمودیش كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، وازی لە بزووتنەوەكە هێناوە، نوچە بۆ وەرگرتنی سەرنجی خۆی، چەندجارێك پەیوەندی بە عوسمانی حاجی مەحمودەوە كرد، بەڵام وەڵامێكی دەست نەكەوت.