ئاری هەرسین بۆ دڵشاد گەرمیانی: قسەكانت بۆ بازاڕگەرمییە و كەڵكی خراپت لە دیموكراسی وەرگرتووە
نوچە: هەولێر
ئاری هەرسین ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامێكی توندی دڵشاد گەرمیانی دەداتەوە و دەڵێت “قسەكانی بۆ بازاڕگەرمییە و كەڵكی خراپی لە دیموكراسی وەرگرتووە”.
ئاری هەرسین لە لێدوانێكدا بۆ نوچە وتی “ئێمە خۆمان لەبەرەكانی شەڕین و هێرش و پێكدادانەكان دەبینین، ئەی باشە كێن كە هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو رونكردنەوەی دڵشاد گەرمیانی، بە بچوك بینینی ئەو گروپە تیرۆریستییەی داعشە، ویستێكی شەیتانی و ناحەز هەیە، كە دژی هەموو بنەمایەكی ئینسانی و دیموكراسییەتە، دەیەوێت ئەم ئارامییەی كوردستانیش تێكبدات و وەك هەموو شوێنەكانی تری عێراقی لێبكات و نایەوێت ئەو ناسنامە نیشتیمانییە جودایە ببینێت، كە هەرێمی كوردستان هەیەتی”.
هەرسین دەربارەی دەربڕینی ئەو ترسەی دڵشاد گەرمیانی، كە كۆمەڵی ئیسلامی ببێتە بەشێك لە شەڕی داعش وتی “باشە مرۆڤێكی مسوڵمان كە رۆژی پێنج جار روو دەكاتە خودا بە دەستی داعش بكوژرێت ئەوە سوكایەتی نیە بە ئینسان و دینەكەی، ئەگەر كچێك یان ئافرەتێكی ئێزیدی لە بازاڕدا بە دە هەزار دیناری عێراقی بفرۆشرێت، ئەوە سوكایەتی نیە بە ئینسان، بۆیە هەقە لە دڵشاد گەرمیانی بپرسین كە ئایا ئەو قسانە لەسەر چ بنەمایەك دەكات، ئەو كەرامەتەی كە خودا بە ئنیسانی داوە، بە هیچ شتێكی تری نەداوە، بۆیە ئیسنانی مسوڵمان دەبێت رێز لە كەرامەتی ئینسان بگرێت، داعش كەرامەتی ئینسان دەخاتە ژێر پێیەوە، ئیتر ئەمە چۆن شەڕی كاك عەلی باپیر و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی نیە، بۆیە لە پێش ئەوەی شەڕی من بێت ئەوە شەڕی ئەوانە، بۆیە ئەوان دەبێت ئەو كەرامەتەی كە خودا بە ئینسانی بەخشیوە روونی بكەنەوە و فەرمانی خودا جێبەجێ بكەن، ئەوان دەبێت كەرامەتی داڕوخاوی ئینسان بە دەستی داعش، بهێننەوە جێی خۆی”.
هەرسین وتیشی “ئەو جۆرە لێدوانانەی كە ئێستا دڵشاد گەرمیانی بڵاوی دەكاتەوە، بۆ گەرمكردنی بازاڕی خۆیەتی، ئەگینا هیچ عەقیدە و مەنتقێك ئەمە قبوڵ ناكات، چونكە ئێستا هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان لەبەردەم هێرشی ویستێكی شەیتانی گرووپێكی تیرۆریستیدان، مەعقول نیە ئێستا بڵێت ئەم شەڕە بە شەرعی نازانم”.
هەرسین ئەو جۆرە لێدوانە بە بەشێك لە باجی دیموكراسی دەزانێت و دەڵێت “لە ئێستادا كە هێزی پێشمەرگە لە شەڕی گروپێكی تیرۆریستیدان و ئەو برادەرە ئەو جۆرە لێدوانە بڵاو دەكاتەوە، بەشێكە لە باجی ئەو دیموكراسییەتەی كە لە هەرێمی كوردستاندا باڵادەستە و كەڵكی خراپی لەو دیموكراسییەتە وەرگرتووە”.
ئاری هەرسین ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە دەستی لە كاری پەرلەمانتاری هەڵگرتووە و رووی لە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە كردووە.