كوردستان لە دەڤەرێكی گۆشەگیرەوە بۆ نێوەندی هاوپەیمانییەتێكی نێودەوڵەتی
نووچەنێت
هەرێمی كوردستان، ئەو دەڤەرەی بە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراوی نێودەوڵەتی لە 1991، بووە كیانێكی دیفاكتۆ لە ناوچەكەدا، ئەمڕۆ بووەتە میحوەری كۆكردنەوەی بەرەی دژەتیرۆری نێودەوڵەتی و لە دیاردەیەكی دەگمەندا، لەسەر پرسی پەلاماردانی كوردستان، هەموو ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی، كۆك دەبن لەسەر تێكشاندنی ئەو لایەنەی پەلاماری كوردستان دەدات.
بۆچی كوردستان سەرنجی هەمووانی راكێشا؟
لیبیا لە 2011 ەوە، داوای هاریكاری ئەمریكا دەكەن، لە هەمان ساڵەوە سورییەكان داوای پشتیوانی ئەمریكا دەكەن، نووری مالیكی لە مانگی حوزەیرانەوە داوای فریاگوزاری لە ئەمریكا دەكات. بەڵام سەرۆك ئۆباما هەموویان پشتگوێ دەخات و راستەوخۆ پشتیوانییان ناكات، بە نزیكبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامیی لە هەولێر، ئەمریكا راستەوخۆ دێرە دەنگ و پشتیوانی خۆی بۆ هێزەكانی پاراستنی هەرێم -پێشمەرگە- رادەگەیەنێت. نەك هەر ئەمە بەڵكو یەكێتی ئەوروپاش دێنە سەرخەت و چین و روسیاش كە هەمیشە لە بیری ڤیتۆكردنی كارە سەربازییەكانی ئەمریكادا بوون، پشتیوانی بۆ هەڵمەتی دژی دوژمنانی هەرێم رادەگەیەنن.
دەتوانین هۆكارەكانی پشتیوانی ئەمریكا بۆ كوردستان لەم خاڵانەدا روون بكەینەوە:
1- دیپلۆماسییەتی زیرەكانەی بارزانی: هەردوو بارزانی – سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت – لەماوەیەكی قیاسیدا سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان راكێشا و زانیان كارتەكانی جیهانی ئەمڕۆ بەكاربهێنن، هەر لە زەقكردنەوەی مەسەلەی جینۆسایدەوە، هەتا دیاریكردنی كوردستان وەك دەڤەرێك بۆ كۆكردنەوەی دەم و چاوە جیاوازەكان و گرنگیدان بە مافی مرۆڤ.
2- پەنادانی ئاوارەی سەرجەم ناوچەكانی عێراق: سەرەڕای ئەو گەمارۆ 8 مانگییەی لەسەر هەرێمی كوردستانە، ئەم هەرێمە دەرگای بەڕووی هیچ لایەنێكی لێقەوماودا دانەخستووە، هەر لە كوردانی سووریاوە، هەتا عەرەبی سوننەی موسڵ و تكریت و ئەنبار و مەسیحی و ئێزدییەكان. ئەمەش سەرنجی رێكخراو و حكومەتەكانی بەلای هەرێمدا راكێشا.
3- كۆكردنەوەی بەرژوەندی سیاسی و بازرگانی ووڵاتان لە كوردستاندا: لەساڵی 2003 ەوە، کارەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان سەرنجی كۆمپانیا بیانییەكان و نێوەندە سیاسییەكانی بۆ نێو كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی رادەكێشێت. هەرچەندە هەندێك لایەنی لۆكاڵی دەیانگوت كە حكومەتی كوردستان ووڵات هەرزانفرۆش دەكات و دەیكاتە لانكەی دەزگا هەواڵگرییەكان، ئەنجام دەركەوت حكومەت بەگشتی و نێچیرڤان بارزانی بەتایبەتی، سیاسەتێكی زیاتر گلۆباڵ و كراوە پەیڕە و دەكات و دەیكاتە هێڵێكی بەهێزی بەرگی بۆ هەرێم، هەروەک ئەوەی ئیستا ئەنجامی ئەو سیاسەتەی نێچیرڤان بارزانی وایکردووە، دروستبوونی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر کوردستان، یەکسانبێ بەدروستبوونی هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندی ئابوری زۆربەی وڵاتانی دژ بەیەکی جیهان نەک تەنها بەرەیەکی جیهانی، بۆیەش لەهەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشدا وێڕای هەبوونی دژبەیەکی هەمیشەیی وڵاتانی جیهان، بۆ بڕیارەکانی یەکتر لەڕووی سەربازییەوە، لەسەر کوردستان هەموو پێکەوە، وەک هارمۆنیایەک یەک دەنگ بەدەنگ هاتن و یەک هەڵوێست هەڵوێستیان وەرگرت.
4- شكستهێنانی شیعەكان و سیستمی فەرمانڕەوایی ناوەندیی: لە سەرەتاوە ئەمریكاییەكان دژی ئەو خواستی كورد بوون، كە دەیویست ناوەندێكی لاواز و هەرێمگەلی بەهێز هەبن. دیارە كورد لە ئەزموونی 80 ساڵەیەوە بۆی دەركەوتبوو ئەقڵییەتی سیاسی عێراقییەكان، بە كەڵكی مەركەزییەت نایەت و دەبێت بە یاسا رێگا لە پاوانخوازیی ناوەند بگیرێت. دوای 11 ساڵ لە فەرمانڕەوایی ناوەندیی، ئەمریكا هاتە سەر ئەو باوەڕەی شیعەكان نەیانتوانی دادپەروەر بن لەگەڵ كورد و سوننە و خەریكە سیستمێكی دیكتاتۆری تاكڕەو پێكدێنن و ریسەكەی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكەنەوە بە خوری. ئەوەش وایکرد، وێڕای چەندین جار بەرەسمی داوای هاوکاری لە ئەمریکا، ئەمریكا بەدەم داخوازی مالكییەوە نەهات بۆ لێدانی داعش و وەك دەیڤد پەترایۆس گوتی “بەدەمەوە هاتنی مالكی، واتە بەدەمەوەهاتنی میلیشیا شیعەكان و بەرژەوەندییەكانی ئێران” نەوەك بەدەمەوە هاتنی هاوپەیمانێكی ئەمریكایی كە خاوەن سیستمێكی فەرمانڕەوایی مۆدێرن بێت. باراك ئۆباماش بە تۆماس فریدمانی گوتبوو “ئەگەر شیعەكان دەسەلاتیان لەگەڵ كورد و سوننە بەش كردبا، هەرگیز ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، رووی نەدەدا”.
شارەزایان وای دەبینن،جگە لەوەی مالكی كەسێكی دەمارگیری شیعەبوو، ئێرانیش پاڵنەری چەوساندنەوەی سوننە بوو، لایەنە جیاوازەكانی شیعەش خاوەن ئەزموونی حوكمڕانی نەبوون و هەر بە ئەقڵییەتی میلیشیایی و ئۆپۆزسینەییەوە رەفتاریان دەكرد، نەك وەك لایەنی خاوەن ئەزموونی دەوڵەتمەداریی. ئەگەری هەرەبەهێز هەیە، دوای ئەم جەنگە ئەمریكا عێراق بكاتە سیستمێكی نامەركەزیی، بەجۆرێك كورد و سوننە ناوچەی خۆیان بپارێزن و هێزی پاراستنی خۆیان هەبێت و ناوەندیش زیاتر رۆڵی تەشریفاتی بگێڕێت.
5- ئەمریكا متمانەی زیاتری بە كوردە: لە لیبیا ئەمریكا جیاوازییەكی ئەوتۆ نابینێت لەنێوان لایەن بەشەڕهاتووەكان، و لە هیچیان دڵنیا نییە كە بتوانن ستایلێكی مۆدێرنی فەرمانڕەوایی دابهێنن و ببنە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەمان شت بۆ لایەنەكانی سووریا و شیعەكانی عێراقیش درووستە. بەڵام كورد متمانەیەكی زیاتری لەسەرە، بەوەی ئەزموونی كاركردنی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەیە و كەمتر بە دەزگا هەواڵگرییەكانی ووڵاتان تەنراوە و ئامانجیان رونترە و ناوچەكەشیان بووەتە تاكە ناوچەی ئارامی عێراق و جێگای كۆكردنەوەی نێوەندە بازرگانی و سیاسی و مرۆییە جیهانییەكان و پاراستنیشی بووەتە ئەركێكی ئەخلاقیی كۆمەڵی نێودەوڵەتی.
خاڵە لاوازەكانی كوردستان لەم شەڕەدا:
1- پێشمەرگە دەمێكە نەجەنگاوە: هێزی پێشمەرگەی كوردی هەمیشە بەهێزێكی گیانفیدا ناسراوە لە نێوەندە جیهانییەكاندا، ئەم پێناسەیە زیاتر بۆ پێشمەرگە دێرینەكان راستترە، كە جەنگاوەری پارتیزانی ئەوتۆبوون، كە خاوەن ئەزموونی دورودرێژی شەڕبوون، لە سەرەتای شۆڕی ئەیلوولەوە هەتا پاراستنی كورد لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە.
نابێت بیرمان بچێت كە نەوەی نوێی پێشمەرگە، ئەزموونێكی ئەوتۆی جەنگیان نییە و شەڕەكەشیان ستایلێكی كلاسیكی پارتیزانی نییە، بەڵكو شەڕێكی دەوڵەتئاسایە و جەنگێكی نوێیە بۆ گەلی كورستان.
2- پێشمەرگە راهێنانی پێویستی پێنەكراوە: هێزێكی نیزامیی دەوڵەتی، پێویستی بە راهێنانی پێشكەوتوو هەیە لەلایەن هێزە پێشكەوتووەكان، وەك ئەوروپا و ئەمریكا، تەنانەت شارەزایانی عێراقیشەوە.
3- پێشمەرگە چەكی كلاسیكیی پێیە: چەكی پێشمەرگە تەنیا ئەو دەستكەوتانەیە كە خۆی بەدەستی هێناوون و بە پلان و بەرنامە رێكنەخراوە، ئەویش چونكە رێگا نادرێت كوردستان خۆی چەكی خۆی هەڵبژێرێت و بیانكڕێت.
4- نەبوونی سوپایەكی یەكگرتووی پێشمەرگە: بەسەر بڕوای پێشمەرگەی كوردستانەوە ئینتیمای لۆكاڵییان زاڵە و ماویانە ببن بە هێزێكی نیشتیمانیی یەكگرتوو. ئەوەی كە وەزیری پێشمەرگە نە یەكێتییە نە پارتی، هەلێكی باشە بۆ یەكپێگرتنەوەی پێشمەرگە و پشتیوانییەكانی سەرۆكی هەرێم لەو وەزیرە گەرانتییەكی باشن.
5- دۆسیەی ئازادی رۆژنامەگەری و مافی مرۆڤ و ئازادی ئافرەت: هەندێك رەخنە لەم بوارانەوە لە حكومەت دەگیرێن، سەرەڕای ئەوەش كە كوردستان لەچاو وولاتانی ناوچەكەدا هەنگاوی باشی بڕیوە. ئەگەر حكومەت كار لەسەر باشتركردنی ئەم دۆسیانە بكات، بێگومان زیاتر پشتیوانیی بەهێزی نێودەوڵەتی بەدەستدێنێت.
ئەو مەترسییانەی لەسەر كوردستان هەن
دەوڵەتی تیرۆریستی داعش پشتیوانیی هەرێمی هەیە و هێشتا هەڕەشەیە لەسەر كوردستان، هەروەها سەركەوتنی تەواوەتی سوپای عێراقیش بەسەر داعشدا، دەیكاتە مەترسی لەسەر كەركووك و نەینەوا و دیالە. لەمانەش مەترسیدارتر دابەشبوونی هەرێمە بەسەر میحوەری ئێرانی و رۆژئاواییدا و نەبوونی یەك گوتاریی سیاسی كوردییە.
هەلەكانی بەردەم كوردستان
هەرگیز كورد پشتیوانی بەهێزی نێودەوڵەتی نەبووە، هەروەها كورد تاكەهێزێكە كە بەرامبەر داعش سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بۆ یەكەمجاریش بێ گرفت كەركوومی كۆنترۆڵ كردووە، هەر خۆیشی نەوتی خۆی دەفرۆشێت و متمانەی كڕیارانی نەوتی كوردستانیش زیاتر بووە. هەموو ئەمانەش بنەمای بەهێزن بۆ سەربەخۆیی كوردستان و بەهێزبوونی زیاتری پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی ئەم كیانە نوێیە.