سەنگاوی سەرکەوتنی راگەیاند… بەشداری سوپای پاسداران رەخنەی بەدوای خۆیدا هێنا

0

سەنگاویسەنگاوی سەرکەوتنی راگەیاند… بەشداری سوپای پاسداران رەخنەی بەدوای خۆیدا هێنا

نوچەنێت

ئەمرۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بەبەشداری تۆپخانەکانی ئێران و هاوکاری چەند یەکەیەکی سەربازی ئێرانی، لەمیحوەری گەرمەسێر، دەستیان بەپێشڕەوی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی، داعش دەستی بەسەردا گرتبوون، لەئەنجامدا چەند پێشمەرگەو فەرماندەیەکی پێشمەرگە شەهید بوون و پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، بەشداری سوپای ئێرانیش لەو هێرشانەدا ناڕەزایی لێکەوتەوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە گەرمیانەوە ئەوە دەخەنەڕوو، هێزێکی زۆری ئێران بەناوی سوپای عێراقەوە هێنراونەتە گەرمیان، ئەمرۆ لەهێرشەکانی پێشمەرگەدا بۆ دەرپەڕاندنی داعش لەناوچەکانی گەرمیان بەشدارییان کردووە، سەرچاوەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەموو ئەو زانیاریانە بەدرۆ دەخەنەوە، و ئەندامێکی پەڕلەمانی کوردستانیش کە وەک خۆی وتی”لەبەر هەستیاری پرسەکە” نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بەنوچەنێتی راگەیاند”هاتنی سوپای ئێران ئاشکرایە، هێنانی سوپای پاسداران و تۆپخانەکانیان بۆ کوردستان، جێگای ناڕەزایی زۆربەی ئێمەیە لەپەڕلەمان، بێگومان دوای ئاسایی بونەوەی بارودۆخەکە قسەی لەسەر دەکەین”، ئەو ئەندامەی پەڕلەمانی کوردستان وتیشی” هاتنی ئەو هێزە پێویست نەبوو، پێشتریش سەرۆکی هەرێم وەک بەرپرس لەهێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاندبوو، ئێمە تەنها پێویستیمان بەهاوکاری لۆجستی هەیە، نەک هێنانی کوڕی خەڵک و بەکوشتدانیان لەکوردستان”.

هەر لەو بارەوە سەرکردەیەک لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران، بۆ نوچەنێت وتی” هەموو حزبەکانی رۆژهەڵات نیگەرانی تەواومان هەیە، پرسیارمان لادروست بووە، بۆچی دەبێت هێزی ئێرانی بەشداری رزگارکردنی کوردستان بێت، کە هێزی کوردی بوونی هەیەو تواناشی هەیە؟ بۆچی دەبێت حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرەکانی بەبڕیار شەڕ بکێشێنرێنە دواوە، بەڵام حزبی کوردی بەشەکانی تری کوردستان بەشداربن، ئەگەر ئەمە ئەو رێککەوتنە نییە کەباس دەکرێت لەنێوان جمهوری ئیسلامی ئێران و لایەنێکی باشوری کوردستان و هێزەکانی تری ئەو بەشەی کوردستان؟، ئێمە بەتوندی ئەوە ئەو نیگەرانییەی خۆمان رادەگەیەنین، بەڵام جارێ پێویست نییە ناومان بێت لەم لێدوانە، تا ئاسایی بونەوەی بارودۆخەکە و راگەیاندنی نیگەرانی خۆمان بەشێوەی فەڕمی”.

لەلایەکی ترەوە مەحمود سەنگاوی بەرپرسی میحوەری گەرمەسێر، بەخەندانی راگەیاند”لە چەند قۆڵێكەوە هێرشمان كردووە لە قۆڵی كوباشیەوە توانیومانە ئەو بازگەیە كۆنترۆڵ بكەین كە 6 كم لە ناحیەی سەعدیەوە دوورە”.

ئاشكراشیكرد، لە قۆڵی ئەنوارەوە كە دەكەوێتە نزیك ناحیەی جەلەولا 2 كم یان پاككردووەتەوە لە گروپە چەكدارەكانی داعش و لە پێشڕەویشدان بۆ پاككردنەوەی سنورەكە لە گروپە چەكدارەكانی داعش، لە قۆڵی نەقشبەندیشەوە توانیویانە هێرشێكی باش بكەن چەند شوێنێك كۆنترۆڵ بكەنەوە.

بەرپرسی میحوەری گەرمەسێر ئەوەشی ئاشكرا كرد، گورزەكانی ئەمڕۆ زۆر كاریگەر بوون دژ بە گروپە چەكدارەكانی داعش كە بووە هۆی كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی داعش و بریندار بوون و ڕاوەدونانی ژمارەیەكی زۆری داعشەكان كە شەڕیان دژی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرد.

سەنگاوی ئەوشی ڕاگەیاند: ئێستا پێنج چەكداری داعش بە كوژراوی لای هێزەكانی پێشمەرگەیە و لە یەكێك لە دادوەرە پزیشكیەكانی گەرمیانە.

هەروەها وتیشی: “ئەم هێرشانە بە هێز و بازووی پێشمەرگە قارەمانەكان بووە كە بە داخەوە ئەمڕۆ چەند پێشمەرگە و فەرماندەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان شەهید بوون لە پێناو ئازاد كردنی خاكی پیرۆزی كوردستاندا”.
ئەگەرچی سەرچاوە فەرمییەکان بەشداری سوپای پاسداران رەتدەکەنەوە، لەهێرشەکانی ئەمرۆدا، لەم ڤیدیۆیەدا کە لەبەرەکانی جەنگەوە تۆمارکراوە، بە ئاسانی دەنگی ئێرانییەکان دەناسرێتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com