دیپلۆماتكارێكی كەنەدایی: ئەوەی لە عێراق روودەدات كوشتاری بەكۆمەڵە
نووچەنێت-ئاژانسەكان
دیپلۆماتكارێكی كەنەدایی دەڵێت دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەركی ئەخلاقیی خۆی هەستێت و ئەو كوشتارە بەكۆمەڵە بوەستێنێت كە لە عێراق روودەدات، دەنا دواتر لەدەست دەردەچێت و پەشیمان دەبینەوە لە بێدەنگیمان.
رۆمیۆ دالێر سیناتۆری پێشووی كەنەدایی و سەرۆك تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ روواندا لە 1994، دەڵێت ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات زۆر لە كوشتارەكەی 1994 ی روواندا دەچێت كە بەهۆی خاو و خلیچكی یوئێنەوە لەماوەی 100 رۆژدا 800 هەزار كەس كوژران و ئەگەر زوو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەخۆكەوتبان، ئەوە روی نەدەدا.
ئەو دیپلۆماتكارە دەڵێت 20 ساڵە هەموو رۆژێك دێوەزمەی پابەندنەبوونی ئەخلاقیمان بە پاراستنی روانداییەكان راووم دەنێت.
دالێر دەڵێت ئێستا لە عێراقیش سەرەتاكانی كوشتاری بەكۆمەڵ دەركەوتوون و كۆمەڵگەی جیهانیش شتێكی كەمی كردووە بۆ راوەستاندنی كوشتاری بەكۆمەڵ لە عێراق.
لە كۆتاییدا دووپاتی كردۆتەوە كە خۆ كەڕكردن لە ئاست تاوانەكانی داعش مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم مەترسی و بە سەربازكردنی منداڵان لەلایەن داعشەوە جیلێك دروستدەكات كە ئاییندەیان نابێت و بێبەش دەبن لە خوێندن و لە ئەنجامی رووداوەكاندا تووشی چەندین برینی ئەخلاقیی و جەستەیی و ماددی دەبن، هەموو ئەوانەش وادەكەن بازنەی توندوتیژییەكان لە ئاییندەشدا بەردەوام بن.
