پارتی بۆ پەكەكە: ئەگەر ببنە گرفت بۆ بەرنامەكانمان، خۆتان بەرپرسیار دەبن
نوچە: تایبەت
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشداری دەداتە پارتی كرێكارانی كوردستان و دەڵێت، هاوپەیمانەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەماهەنگیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە هەیە، ئەگەر هاوكارییەكانی پەكەكە ببنە هۆی درووستبوونی كێشە بۆ بەرنامەكانی هەرێم و هاوپەیمانان، خۆیان بەرپرسیار دەبن.
عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوچەی راگەیاند، ئەوان وەك پارتی سوپاسی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی هەرچوار پارچەكەی كوردستان دەكەن، كە لە شەڕی داعش دژ بە هێزی پێشمەرگە هاوكاری گەلی كوردیان كردووە لە باشوور، دەربارەی پارتی كرێكارانی كوردستانیش وتی “ئێمە هاوسۆزین لەگەڵ خەباتی گەلی خۆمان لە هەر پارچەیەكی كوردستان، هەروەها سوپاسیان دەكەین بۆ هەر هاوكارییەك كە هاوكاری ئێمە و خوشك و براكانمانیان كردبێت لە شەنگال، بەڵام هەر هاوكارییەك ببێتە هۆی ئەوەی كە گرفتی لێدرووست ببێت، پێویستی بە تێگەیشتنی نوێ هەیە”.
عەلی حوسێن وتیشی ” ئێستا هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لێرەن و چاودێری ئەو ناوچانە دەكەن، هێزەكانی هاوپەیمانانیش راستەوخۆ پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەوە هەیە، هەروەها هەماهەنگییەكی زۆر هەیە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و فڕۆكەكانیان، هەر جوڵەیەك لە لایەن هەر لایەنێكی سیاسی و پێشمەرگەوە بەبێ هەماهەنگی، دەبێتە هۆی درووستبوونی ناتێگەیشتن و رەنگە زیان بە ناوچەكە و بە پرۆسەكەیش بگەیەنێت”.
عەلی حوسێن زیاتر وتی “لەم دۆخەدا ئێمە وەك پارتی مامەڵە ناكەین، بەڵكو وەك هەرێمی كوردستان مامەڵە دەكەین، كە هەتا ئێستایش بەشێكین لە عێراق، ئێمە لەگەڵ پەكەكە هاوكار دەبین بۆ چارەكردنی گرفتەكانی نێوانمان، بەڵام ناكرێت هەر یەكەمان لە جێی ئەوەی ترمان بڕیار لەسەر دۆخی ناوخۆیی یەك بدەین”، هەروەها وتی “ئێمە سوپاسی ئەوان دەكەین، كە لەو ناوچانەی سنوورن و ئەوانی لێن، هاوكاری ئاوارەكان و پێشمەرگەیشیان كردووە، بەڵام ناكرێت ئەو هاوكاریانەیان ببنە هۆی گرفت بۆ بەرنامەی هەرێمی كوردستان و هێزە هاوپەیمانەكان، چونكە ئەو خەڵكەی ئاوارە بوون دەبێت بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەیش پێویستمان بە پشتگیری نێودەوڵەتی دەبێت، ئەو پشتگیرییەش لە رێی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت”، وتیشی “ئەگەر گرفت بۆ بەرنامەكە درووست ببێت، زیان بە خەڵك و ناوچەكە دەگەیەت و زیان بە هەردوو لایشمان دەگەیەت، بەرپرسیارێتیش دەكەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنەی، كە گرفت بۆ بەرنامەكە درووست دەكات”.