ڕاهیبێكی مەسیحی 40 ڕۆژی لەناو داعش بەسەربرد
نوچە: ئاژانسی ئەنادۆڵو
ڕاهیبێكی مەسیحی لە دێرێكی مەسیحییەكان لە سنوری پارێزگای موسڵ باس لە چیرۆكی بەسەربردنی 40 ڕۆژ لە ناو چەكدارانی داعش و مامەڵەی ئەوان و دواتر دەركردنی لە دێرەكە و هەڵهاتنی بەرەو هەرێمی كوردستان دەكات.
دێری مار بەهنام سەر بە كەنیسەی سریانی كاسۆلیكییە و بە كۆنترین كەنیسەی موسڵ لەقەڵەم دەدرێ، مێژووی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواری زاینی و ساڵانە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان سەردانی دەكەن.
ئەو ڕاهیبە كە تەمەنی 43 ساڵە چۆنێتی هاتنی داعش و مانەوەی لەناوچەكە و مامەڵەی چەكدارانی داعش لەگەڵ مەسیحییەكان و دواتر دەركردنیان لە ناوچەكە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گێڕایهوه.
ئەو گوتی: “چەكدارانی داعش لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی رابردوو ڕاستەوخۆ بەرەو موسڵ كەوتنە ڕێ و نەهاتنە دەشتی موسڵەوە، دوای گەیشتنیان بە شاری موسڵ هێزەكانی پۆلیسی خزر پێیان گوتین پاشەكشە دەكەین، ئێمەش خێزانەكانمان خستە نێو ئۆتۆمبێلەوە و لەگەڵ بڕێكی كەمی پێداویستی بەرەو حەمدانیە بەڕێكەوتین. دوای ڕۆژێك چەكدارانی داعش گەیشتنە گوندەكە و لەوێوە بەرەو ناوچەكانی دیكه بەڕێكەوتین.”
یەعقوب و چەند مەسیحییەكی دیكه دوای ئهوی دڵنیا بونەوە لە دۆخەكە، لە حەمدانیەوە بەرەو گوندەكە گەڕانەوە چونەوە دێرەكە و دەرگایان داخست.
یەعقوب ههروهها گوتی: “هەمان ڕۆژ (8ی حوزەیران) چەكدارانی داعش هاتنەوە و لە دەرگای دێرەكەیاندا. دوای پێشوازیكردنیان، دڵنیایان كردینەوە لەوەی پارێزراوین و دەتوانین لە شوێنی خۆمان بمێنینەوە و ژیانمان پارێزراو دەبێ.”
یەعقوب دەڵێ، بەو شێوەیە ماوەی 40 ڕۆژ لە ناو دێرەكە ماینەوە و ڕۆژانە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆمان لە خزرەوە دەچوینە حەمدانیە و دەگەڕاینەوە، ئەوەش بە مۆڵەتی بەرپرسێكی چەكدارەكانی داعش بە ناوی “باوكی عائیشە” ئەنجام دەدرا ، هەروەها دانیشتوانی سونی ناوچەكەش ڕێزیان دەگرتین و ڕۆژانە خواردنیان بۆ دەهێناین بۆ دێرەكە و ئێمەش ئاوی خواردنەوەمان دەدانێ.
لەو ماوەیەدا دێری مار بەهنام لە ناوچەی خزر لە ژێر چاودێری چەكدارەكانی داعشدا بووە و لە دورەوە چاودێری وردیان كردووە، یەعقوب زیاتر لەو بارەیەوە گوتی: “چەكدارەكان ڕۆژانە چاودێریان دەكردین ، ئەگەر جموجوڵێك هەبوایە دەهاتنە لامان و هەواڵیان دەپرسی كە چی دەكەین، ئەوان دەیانویست هەمو كارێك بە پرسی ئەوان بكەین و ئاگاداری ئیش و كارەكانمان بن.”
یهعقوب و مەسیحییەكانی ناوچەكە لەماوەی 40 ڕۆژەكەدا هاوشێوەی ئێزیدییەكان لەسەرەتاوە ڕوبەڕوی پەلاماری چەكدارانی داعش نەبونەوە، بەڵام دوای تێكچونی پەیوەندییەكانی نێوان داعش و هێزەكانی پێشمەرگە و دەركردنی مەسیحییەكانی سنوری موسڵ و حەمدانیە، ئەوانیش لە گوندەكە دەركران.
ڕاهیبەكە چیرۆكی دەركردنیان گێڕایهوه و گوتی: “كۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و دوو ڕۆژ دوای دەركردنی مەسیحییەكانی موسڵ، چەكدارانی داعش هاتنە گوندەكە و لە دەرگای دێرەكەیاندا دەرگامان كردەوە و پێشوازیمان لێكردن و داوای لێبوردنمان كرد كە بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە ناتوانین هیچ شتێكیان بۆ بهێنن تا بیخۆن، ئەوان سێ بژاردەیان خستە بەردەممان كەیەكیان هەڵبژێرین بەوەی موسڵمان بین یان جزیە بدەین یان لە ماوەی نیو سەعاتدا گوندەكە جێبهێڵین.”
یەعقوب و مەسیحییەكانی دیكهی نێو دێرەكە كە ژمارەیەكی كەمیان مابونەوە، بەناچاری بژاردەی سێهەمیان هەڵبژاردو بەبێ دەركردنی هیچ شتێك كلیكەكانی دیرەكە كە زیاتر لە 60 كلیل بون ڕادەستی چەكدارانی داعش كردو بە ئۆتۆمبێلێكی چەكداران 10 كیلۆمهتر لە ناوچەكە دوورخرانەوە و داوایان لێكردن بەپێ بەرەو حەمدانیە بڕۆن.
ئەو ڕاهیبە ئێستا لە كەنیسەی ماریوسفە لە شاری سلێمانی و سەرقاڵی خزمەتكردنی ئاوارە مەسیحییەكانی شارەكەیە.
ئەو ڕۆژانە پەیوەندی بە دانیشتوانی سوننەی خزرهوه دەكا و دڵنیایی دەكەنەوە لەوەی تا ئێستا دێرەكە پارێزراوە و هیچ پەلامارێك نەدراوە.
تەمەننای ئەوەش دەكا دۆخی ناوچەكانیان ئارام بێتەوە و دوای كۆتایهاتنی چەكدارانی داعش بگەڕێتەوە دێرەكە و وەك جاران پەرستش و كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن.