تەنها پارتی و یەكێتی و گۆڕان رێ پێدراون بە ناوی حكومەتەوە قەرز بكەن
نوچە: هەولێر
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، تەنها پارتی و یەكێتی و گۆڕان رێ پێدراون بە ناوی حكومەتەوە قەرز بكەن، وتیشی “ئێمە لە شەفافییەتی ئەو پرۆسەیە دڵنیاین”.
دڵشاد شەعبان كە هاوكات جێگری سەرۆكی لیژنەی پشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانە، لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ نوچە رایگەیاند، پرۆسەی قەرزكردنی حكومەتی هەرێم لە وڵات و كۆمپانیا جیهانییەكان، پرۆسەیەكی شەفافە و ئەوان لێی دڵنیان، وتیشی “ئێمە تا ئێستا بەدواداچوونمان بۆ ئەوە نەكردووە، بەڵام دڵنیاین كە ئالیەتێكی باش دانراوە بۆ ئەو قەرزە و شەفافییەتی زۆری تێدایە، چونكە تەنها سێ كەس رێیان پێدراوە قەرز لە دەرەوە وەربگرن، ئەوانیش سەرۆكی حكومەت كە لە پارتییە و جێگری سەرۆكی حكومەت كە لە یەكێتییە و هەروەها وەزیری دارایی كە لە بزووتنەوەی گۆڕانە، بۆیە ئێمە لە شەفافییەتی ئەو پرۆسەیە دڵنیاین”.