هێزەکانی پێشمەرگە بەنداوی موسڵ کۆنترۆڵ دەکەن و چەکدارانی داعش بەرەو ناو شاری موسڵ هەڵدێن
نوچەنێت
هەڵگورد حیکمەت بەڕێوەبەری رۆشنبیری و راگەیاندن لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە بەهاوکاری فرۆکەکانی ئەمریکا هێرشی کردە سەر بەنداوی موسڵ، توانیان پاشەکشە بە داعش بکەن.
ئەو بەرپرسە لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئێستا هێزەکانی داعش بەرەو موسڵ پاشەکشە دەکەن و پێشمەرگە لەپێشڕەویدایە.
لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەک لەهێزەکانی پێشمەرگەوە بەنوچەنێت ی راگەیاند”هێزەکانی پێشمەرگە ئەمرۆ پێشڕەوییەکی باشیان کردووە، توانیویانە بەنداوی موسڵ کۆنترۆڵ بکەن، هێشتاش لەپێشڕەوی بەردەوامن، و هێزەکانی داعش بەتەواوی ورەیان نەماوەو بەرەو ناوشاری موسڵ هەڵدێن”.
ئەو سەرچاوەیە بۆ نوچەنێت وتیشی” پێشمەرگە وەک هێزێکی نیزامی جوڵە دەکات، تا ئەو جێگای بۆی دانراوە پێشڕەوی دەکات، دواتر چاوەڕێی فەرمانی سەرەوەی خۆی دەکات بۆ پێشڕەوی زیاتر” بەڵام ئامادە نەبوودواین جێگای دیاریکراو بۆ وەستانی هەڵمەتەکانی پێشمەرگە ئاشکرا بکات.
ئەوەشی وت”کەهێزەکانی پێشمەرگە لەکاتژمێر ٦ ی بەیانییەوە، بە هەماهەنگی لیوای ئاڵتونی سوپای عێراق و فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دەستی بەهەڵمەتەکانی کردووە”.