حکومەت چەند بڕیارێک لەسەر رەوشی کوردستان دەردەکات

0

hkumatiحکومەت چەند بڕیارێک لەسەر رەوشی کوردستان دەردەکات
نوچەنێت . رووداو
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی ئابی 2014، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ساز دا، كە تایبەت كرا بە بارودۆخی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان.
لە راگەیێندراوێكی ئەنجوومەنی وەزیراندا كە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە هاتووە، كە لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی پوختەیەكی دەربارەی رەوشی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان و هێرشەكانی داعش و رووداوەكانی دوو هەفتەی رابردوو پێشكەشكرد و بەتایبەتی تیشكی خستە سەر رەوشی شنگال و ئاوارەكان.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە لە میانی بەدواداچوونی خۆی لە چەند رۆژی رابردوودا لە پارێزگای دهۆك، بە تەواوی روونبووەتەوە كە ئەوەی روودەدات و رەوشی ئاوارەكان كارەساتێكی مرۆییەو پێویستی بە كۆمەك و یارمەتیی نێودەوڵەتی هەیە‌.
بەپێی راگەیێندراوەكە نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا گوتووشیەتی “ئەوەی بەسەر خوشك و برایانی ئێزدیدا هاتووە و ئەو تاوانانەی رۆژانە تیرۆریستانی داعش دەرهەق بەوان ئەنجامیدەدات، بە هەموو پێوەرێك جینۆسایدە و دوای هەڵەبجە و ئەنفال گەورەترین كارەساتە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتبێت، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات كە ئەو كردەوانەی داعش دژ بە كوردانی ئێزدی وەك جینۆساید بناسرێ و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت”.
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها سوپاسی ئەمریكا و باراك ئۆباما و وڵاتانی ئەورووپای كردووە، كە یارمەتی هەرێمی كوردستانیان داو رایگەیاندووە “ئەمە پشتگیرییەكی تەواوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ریزی پێشەوەی شەڕی جیهاندایە لەگەڵ تیرۆر، ئەو شەڕەی دەبێ هەموو جیهان پێكەوە بیكات و ئەم تیرۆریستانە لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەربكرێن”.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشكردووە، كە “لەڕووی سەربازییەوە خەریكە گۆڕانكاریی گەورە دروستدەبێت و پێشمەرگە لە هەموو بەرەكاندا بەرەو پێشەوە دەچن”. داوای لە وەزارەتە پەیوەندارەكانیش كردووە كە دەبێ هەموو كارێكی پێویست بۆ هاوكاریی ئاوارەكان بكەن و بەردەوام لەسەر هێڵ بن.
دەشڵێ: “ئاسۆ روونە و ئەوەی ڕوویدا وا دەكات بە كەموكوڕی و هەڵەكانماندا بچینەوە و بە تایبەتی گرنگییەكی تایبەت بە بواری بەرگریی بدەین”.
لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بە لێدوانی چەند وەزیرێك كراوە‌و تێیدا هاتووە، كە وەزیری پێشمەگە روونیكردەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ بە درێژایی سنووری هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەدان لەگەڵ داعشدا و توانیویانە زیانی زۆریان لێ بدەن.
گوتووشیەتی “نەبوونی هێزێكی نیشتمانی و پرۆفیشیناڵی مەشقپێكراو لە هەرێمی كوردستان لایەنێكی لاوازی دیاری هێزەكانی پێشمەرگەیە كە دەبێ چارەسەر بكرێت”.
مستەفا سەید قادر راشیگەیاندووە “پلان بۆ گرتنەوەی شوێنەكان و دەركردنی تیرۆریستان هەیە و خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، یارمەتیی نێودەوڵەتی و گەیشتنی چەكیش لە لایەن ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ئەورووپاوە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە و بەپێی پلانێك و بەپێی پێویستییەكان بەسەر بەرەكانی شەڕ و پێشمەرگەدا دابەش بكرێت”.
راگەیێندراوەكە ئاماژە بە لێدوانی رێباز حەملان وەزیری دارایی كردووە، كە داوای دابینكردنی بودجەی تایبەت و ئاسانكاری لە ڕێنماییەكانی خەرجكردن كردووە بەمەبەستی هەرچی زوو گەیاندنی خزمەتگوزارییە هەنووكەییەكانە بۆ ئاوارەكان. راشیگەیاندووە “لە پارێزگای دهۆك ڕەوشەكە لە دەرەوەی تواناكانی پارێزگا و حكومەتی هەرێمی كوردستانە و مایەی سوپاس و پێزانین و دەستخۆشییە كە وێڕای ئەو بارە ئابوورییە خراپەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، پارێزگای دهۆك و دەزگاكانی ئەوێ، زۆر باش و بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بە هانای ئاوارەكانەوە چوون”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com