ژنە شاعێرێکی ئێرانی بۆ خەڵکی کوردستان : به وه‌لانانی دووبه‌ره‌کی و ناکۆکییه‌کانتان یه‌کگرتوو و به‌هێز ئاڵاکه‌تان شه‌کاوه رابگڕن
نوچەنێت
ژنە شاعیرێکی ئێرانی، پشتیوانی لە سەربەخۆبونی کوردستان رادەگەیەنێت، رێز دەنێرێ بۆ خولیا و خه‌ونی له‌مێژینه‌ی کورد بۆ بوونی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، چونکه بەڕای ئەو”داهاتووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ئیراده‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی دایه”
رۆئیا زێڕین ژنە شاعیری ئێرانی نیشتەجێی سوید، کە تا ئێستا 6 دیوانە شیعری هەیە و هەڵگری چەند خەڵاتێكی ئەدەبییە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، لە وتارێکدا کە بۆ گۆڤاری سڤیلی نوسیوە، دەڵێت” خوشکان و برایانی خه‌باتکارم، ئه‌وه‌ی ئێمه زیاتر نیگه‌ران ده‌کات وه‌همی دژبه‌یه‌ک بوون و وه‌همی ئایدیۆلۆژیا و وه‌همی نه‌ژاد و وه‌همی جوگرافیایه. ئه‌مڕۆکه نه‌وه‌کانی ئێوه له‌مه‌ترسیدان. ئه‌گه‌رچی به درێژایی میژوو به‌ره‌نگاری و خۆڕاگریتان هەبووه. له‌م دۆخه‌دا، جیهانی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و سه‌رمایه و میدیاکان چاویان له ئاست رۆژگاری ئیوه نووقاند”.
هەر لەوتارەکەیدا داوا لەخەڵکی کوردستان دەکات” به وه‌لانانی دووبه‌ره‌کی و ناکۆکیه‌کانتان یه‌کگرتوو و به‌هێز ئاڵاکه‌تان شه‌کاوه رابگڕن”.
دەقی وتارەکە بخوێنەوە کە لەگۆڤاری سڤیل چاپکراوە.
سڵاو کوردستان
رۆئیا زێڕین
من شاعیرێکی ئێرانیم، نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌م، بۆ ئێوه‌ی ده‌نووسم، تا بزانن هه‌ر مرۆڤیک که دڵی بۆ ئازادی و ئاشتی لێ‌بدا، لە‌م رۆژانەدا به سه‌ختی نیگه‌رانی ئێوە دەبێت. نوێنه‌ری هیچ گرووپ و حیزبێک نیم، ته‌نیا له‌لایه‌ن خۆمه‌وه ئه‌م نامه‌یه ده‌نووسم، به‌ڵام گه‌لێک هاوڕیی نووسه‌ری دیکه‌م هه‌ن، که وه‌ک من نیگه‌رانن، نیگه‌رانی دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌ی کورد.
له‌گه‌ڵ ئێوه گریایین، خۆمان به‌هاوبه‌شی خه‌مه‌کانتان زانی، ترسی ئه‌وه‌مان نه‌بوو وه‌ک ناپاك بەرامبەر ئێران هه‌ژمارمان بکه‌ن، ته‌نانه‌ت بە لایه‌نگرانی جیاخوازی تۆمەتبارمان بكەن. ئێمه وه‌فادارین به مرۆڤایه‌تی، چونکه ئێمه زه‌مینێكی بێ سنوورمان ده‌وێ، ئێمه جیهانێکمان ده‌وێ له سه‌رووی هه‌ر جۆره سنوورێکی جوگرافیایی، نه‌ژادی، قه‌ومی، ئایینی و ئایدیۆلۆژی بێت، ئاسایش و ئاشتی و خۆشیمان بۆ هه‌مووان ده‌وێ، ده‌مانه‌وێ مرۆڤ هه‌روه‌ک چۆن ئازاد له‌دایک ده‌بێ، هه‌ر به‌و شێوه‌یه بژی، هه‌موو مرۆڤێک به زمانی دایکی خۆی قسه بکات، هه‌مووان وەك یەك مافە مرۆییەكانیان هەبێت. ئه‌مه خولیای هه‌موو مرۆڤێکی بێ غه‌ره‌ز و ئاشتیخواز و ئازادیخوازه.
خوشکان و برایانی خه‌باتکارم، ئه‌وه‌ی ئێمه زیاتر نیگه‌ران ده‌کات وه‌همی دژبه‌یه‌ک بوون و وه‌همی ئایدیۆلۆژیا و وه‌همی نه‌ژاد و وه‌همی جوگرافیایه. ئه‌مڕۆکه نه‌وه‌کانی ئێوه له‌مه‌ترسیدان. ئه‌گه‌رچی به درێژایی میژوو به‌ره‌نگاری و خۆڕاگریتان هەبووه. له‌م دۆخه‌دا، جیهانی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و سه‌رمایه و میدیاکان چاویان له ئاست رۆژگاری ئیوه نووقاند، تا وه‌ک خه‌ڵکانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له هه‌مبه‌ر دیموکراسیه ساواکه‌ی ئێوه نا‌ئومێد بن.
داوای لێبوردن ده‌که‌م سه‌باره‌ت به تێکرای ئه‌م زوڵم و سته‌مە‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته نه‌خوازراوه‌کانه‌وه به‌رامبه‌ر به ئێوه ئەنجام دراوە. رێز و حورمه‌ت بۆ خولیا و خه‌ونی له‌مێژینه‌تان بۆ بوونی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، چونکه داهاتووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ئیراده‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی دایه. ئازادی و دیموکراسی مافی سه‌ره‌تایی ئێوه‌یه، چونکه بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی مافه‌کانتان ساڵانێکی دوورودرێژه خه‌بات ده‌که‌ن و له‌م رێگایه‌دا کۆڵتان نه‌داوه. ئه‌م رۆژانه دیتنی دیمه‌نی ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕی کورد له راگه‌یاندن و تۆره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان وێنه‌یه‌کی نوێی له بوونی ئێوه خسته‌ڕوو. بوونێک که ته‌ژییه له ژیانی شه‌رافه‌تمه‌ندانه و کۆڵنه‌دانه به‌رامبه‌ر به کۆیلایه‌تی و کۆیله بوون.
سڵاوتان بۆ دەنێرم، ئومێد ده‌که‌م که ئێوه‌ش به وه‌لانانی دووبه‌ره‌کی و ناکۆکیه‌کانتان یه‌کگرتوو و به‌هێز ئاڵاکه‌تان شه‌کاوه رابگڕن. داوام سه‌رکه‌وتنتانه.
ئابی2014