یەکێتی : دەسەڵاتێکی بەرزتر لەدادگا دوای بێهوابوون لەپرۆسەی سیاسی تەدەخولی کەیسی ملازم ئەحمەدی کردووە
نوچەنێت
ئەفسەرەکەی گاردی سەرۆکایەتی کۆمار، تۆمەتبار بەکوشتنی رۆژنامەنوس محەمەد بدێوی، بە سزای زیندانی هەتا هەتایی سزا درا، سەرچاوەیەکیش لەیەکێتی بەنوچەنێتی راگەیاند دەسەڵاتێکی بەرزتر لەدادگا دەستی خسۆتە ئەو کەیسە.
رۆژی شەممە ٢٢/٣/٢٠١٤ بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبوو لە خاڵێکی پشکنینی لیوای پاراستنی سەرۆککۆماری عێراق، ئۆتۆمبێلەکەی راوەستێنێ، لەلایەن هێزەکانی ئەو بازگەوە تەقە لە رۆژنامەنوس محەمەد بدێوی کرا و کوژرا. دواتر ملازم ئەحمەد کە لەو بازگەیەدا بوو، بەتۆمەتی کوشتنی ئەو رۆژنامەنوسە دەستگیرکرا.
لەلایەن دادگایەکی شاری بەغدا، ملازم ئەحمەد بەتۆمەتی کوشتنی ئەو رۆژنامەنوسە، بەزیندانی هەتا هەتایی سزا درا، سەرچاوەیەک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەنوچەنێت ی راگەیاند” سزادانی ملازم ئەحمەد بۆ ئێمە جێی سەرسوڕمان بوو، چونکە پێشتر هەردوو بنەماڵەی کوژراو و تۆمەتبارکراو، بە ئاسانکاری یەکێتی سوڵحی عەشایەرییان کردووە، بەبڕی ٤٠٠ ملیۆن دینار، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەمڕۆ خانەوادەی کوژراوەکە ئامادەی دادگا نەبوون و نەهاتن تەنازول بکەن، وەک ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کرابوو”.
ئەو سەرچاوەیە هۆکاری ئامادەنەبونی خانەوادەی ئەو رۆژنامەنوسە کوژراوەی بۆ ئەوە گێڕایەوە ،کە” پێمان وایە دەسەڵاتێکی بەرزتر لەدادگا تەدەخولی لەو کەیسەکردووە، ئەویش دوای بێهوابونیان لەپرۆسەی سیاسی عێراق، بێگومان یەکێتی لەوە خۆش نابێ و قسەی خۆیی دەبێت، چاوەڕوان بن”.