بارزانی سزای بەرپرسانی دەڤەری شەنگال رادەگەیەنێت
نوچەنێت
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا دەستخۆشی لەهێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، کە رێگەیان بۆ رزگارکردنی ئاوارەکانی سەر چیای شەنگال کردۆتەوە، سوپاسی ئەمریکاو وڵاتانی دۆستی کوردیش دەکات، کە یارمەتی پێشمەرگەیان داوە لەرزگارکردنی ئێزیدییەکان.
بارزانی سزادانی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە رادەگەیەنێت، لەپەیامەکەیدا دەڵێت”ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و حزبیانەی، ئەركی پاراستنی دەڤەری شنگالیان لەئەستۆ بوو لەسەر كارەكانیان لادران، لیژنەیەكی لێكۆلینەوەیش بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان پێك هاتووە، لیژنەكە بڕیار لەسەر سزادانی ئەو بەرپرسانە دەدات، كە لە پاراستنی خەڵك و پێشمەرگە كەمتەرخەم بوونە”.
دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
لەبەرانبەر هێرشی دڕندانەی تیرۆریستاندا كوردستان ئازایانە بەرگری لەخۆی دەكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستیش پشتگیریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاندووە و پشت بەخوای مەزن و ئیرادەی ئێوە و هێزی پێشمەرگە تیرۆریستان تووشی شكست دەبن و تۆڵەی شەهیدان و ئاوارەكان و كارەساتی شنگالیان لێ دەكەینەوە. جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بكەم كە ڕێگەیان بۆ ڕزگاركردنی خوشك و برا ئێزیدییەكان لە چیای شنگال كردووەتەوە و ژمارەیەكی زۆریان لەو ئازیزانە ڕزگار كردووە. هەروەها بەپێویستی دەزانم زۆر سپاسی ئەمەریكا و وڵاتانی دۆستی گەلەكەمان بكەم كە زۆر یارمەتیان دا بۆ ڕزگاركردنیان.
لە دوای ڕووداوەكانی شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكانماندا هات، ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و حزبیانەی ئەركی پاراستنی دەڤەری شنگالیان لەئەستۆ بوو لەسەر كارەكانیان لادران و لیژنەیەكی لێكۆلینەوەیش بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان پێك هاتووە و لیژنەكە بڕیار لەسەر سزادانی ئەو بەرپرسانە دەدات كە لە پاراستنی خەڵك و پێشمەرگە، كەمتەرخەم بوونە.
ئەوەی لە شنگال ڕوویدا تەنیا بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكاندا نەهاتووە بەڵكو زامێكە هەموومان ئازار دەدات. ئەو بەرپرسانە دەبوایە گیانی خۆیان فیدا كردبا و شنگال بەجێنەهێڵن، هەر وەك بەڵێنیان بە من دابوو، دەبوایە لەگەڵ ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە شێرانە مانەوە و بەرگرییان كرد، بمێننەوە. پشت بەخوای گەورە ناهێڵین دوژمنان بە مەرامەكانیان بگەن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
14ـی 8ـی 2014