نوێنەری پاپای ڤاتیکان: پێشمەرگە لە ئەورووپا بووەتە سیمبوڵی خۆڕاگری و شەڕكردن لەسەر حەق

0

پاپانوێنەری پاپای ڤاتیکان: پێشمەرگە لە ئەورووپا بووەتە سیمبوڵی خۆڕاگری و شەڕكردن لەسەر حەق

کوردستان كە هەموو جیاوازییەك لەخۆ دەگرێت بۆ ئێمە زۆر بە نرخە و پێویستە هەموو دونیا بیناسێت

نوچەنێت

نوێنەری پاپای ڤاتیکان، سوپاسی سەرۆک و گەلی کوردستانی کرد، کەباوەشیان بۆ خەڵکی لێقەوماوو ئاوارە کردووەتەوە، رایدەگەیەنێت” كوردستان بەوە ناسراوە كە هەموو نەتەوە و ئایینێكی لەخۆ گرتووە، ئەو پارچە خاكەی كە هەموو جیاوازییەك لەخۆ دەگرێت بۆ ئێمە زۆر بە نرخە و پێویستە هەموو دونیا بیناسێت”.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە كاردینال فێرناندۆ فیلۆنی نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك مەتران و پیاوانی ئایینیی مەسیحی لە كوردستان و عێراق،لە دیدارێكدا نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و نامەی تایبەتی قەداسەتی پاپای پێشكەشی سەرۆك بارزانی كرد.

بەپێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی، نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان لە وتەیەكیدا سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد، كە باوەشی خۆی بۆ هەموو لێقەوماو و ئاوارەیەك كردووەتەوە و ئاماژەی بەو خەبات و خۆڕاگری و ئەو كارەساتانە كرد كە بەسەر گەلی كورددا هاتوونە لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی كورد هەمیشە بەها و ڕەسەنایەتیی خۆی لە پێكەوەژیان و لێبووردەیی پاراستووە و ئاماژەیشی بەوەدا كە كوردستان بەوە ناسراوە كە هەموو نەتەوە و ئایینێكی لەخۆ گرتووە و ئەو پارچە خاكەی كە هەموو جیاوازییەك لەخۆ دەگرێت بۆ ئێمە زۆر بە نرخە و پێویستە هەموو دونیا بیناسێت.

نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان، لە درێژەی قسەكانی خۆیدا سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد و هێمای بەوەدا، كە ئێستا پێشمەرگە لە ئەورووپا بووەتە سیمبوڵی خۆڕاگری و شەڕكردن لەسەر حەق، جەختیشی لەوە كردەوە كۆدەنگییەكی زۆر باش لەنێو وڵاتانی ئەورووپاییدا دروست بووە، كە دەبێ پاڵپشتی كوردستان بن لە هەموو ڕوویەكەوە.

لەبەرانبەردا مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان، ڕایگەیاند كە نامەی قەداسەتی پاپا نیشانەی ئەوەیە كە كوردستان پشتیوانێكی بەهێزی هەیە. سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو، كە كوردستان لەبری هەموو جیهان لەدژی دەوڵەتێكی تیرۆریستییدا شەڕ دەكات، دەوڵەتێك كە دژی هەموو نەتەوە و ئایینێكە و دژی ژیانە.

بارزانی تەئکدی لەوەشكردەوە، هەتا دوایین هەناسە لەدژی تیرۆریستان دەجەنگین و خوشك و برا مەسیحی و ئێزیدی و هەموو پێكهاتەكان دەپارێزین، داوایشی لە خوشك و برا مەسیحییەكان كرد، بیر لە كۆچ و جێهێشتنی وڵاتیان نەكەنەوە و لەگەڵ یەكتر كوردستان دەپارێزین، یان هەموومان بە سەربەستی و ئازادی دەژیین یان پێكەوە دەمرین.

بارزانی سوپاسی هاوكاری و یارمەتیدانی وڵاتانی دۆستی كوردستانی كرد و ڕایگەیاند، كە ئێمە كەوتووینەتە هەڵوێستی هێرشبردن بۆ سەر تیرۆریستان و شەڕەفێكی گەورەیشە كە پێكهاتەكان بپارێزێ بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا تیرۆر دیاردەیەكی جیهانییە بۆیە هەوڵێكی جیهانیش بۆ تێكشكاندنی پێویستە.

ئەوەیشی خستەڕوو، كە لە سەركەوتنمان دڵنیاین و ڕەنگە گەلێك لەڕووی سەربازییەوە تووشی شكست بێت، بەڵام نابێ ئیرادەی بشكێت و پێویستە ئیرادەی مانەوەی هەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com