لیستەکەی مالیکی: هاوکاری سەربازی ئەورپا بۆ کوردستان پێشێلکردنی دەستوری عێراقە
نوچەنێت
لیستەکەی مالیکی لەدژی پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە لەلایەن وڵاتانی ئەورپاوە، رایدەگەیەنن، ئەنجامدانی هەر رێککەوتنێکی سەربازی دەبێت لەرێگای حکومەتی عێراقەوە بێت.
لەدوای بڕیاری ئەمریکا بۆ هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەڕووبەڕووبونەوەی داعش دا، هەریەک لەوڵاتانی ئەورپا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بڕیاریاندا هاوکاری سەربازی کوردستان بکەن، لەوەڵامی ئەو بڕیارەی وڵاتانی ئەورپا، لیستەکەی مالیکی هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتانەی ئەورپا، کە ئەوەی ئەوان دەیکەن پێشێلکردنی دەستوری عێراقە.
عالییە نوسەیف ئەندامی لیستی مالیکی لەپەڕلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” ئەنجامدانی رێککەوتنی سەربازیی لەگەڵ کوردستان، پێشێلکردنی مادەی ١١٠ی دەستووری عیراقە”.
بە گوتەی ئەو پەڕلەمانتارەی لیستی مالیکی ” ئیمزاکردنی ھەموو رێککەوتنێکی سەربازیی، دەبێت لەگەڵ حکومەتی ناوەند و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بێت نەک لەگەڵ ھەرێم و پارێزگاکاندا”.