ئێڤار ئیبراهیم بۆ نوچە: داعش بەشێك لە كچ و ژنە ئێزدییەكانیان هەڵبژاردوون و بردوونیان بۆ سوریا
نوچە: هەولێر
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی توندوتژی دژ بە ژنان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، داعش بەشێك لە كچ و ژنە ئێزیدییەكانیان هەڵبژاردوون و بۆ مەبەستی ئەنجامدانی نیكاح لەگەڵیان، لە موسڵەوە گواستونیانەتەوە بۆ سوریا.
ئێڤار ئیبراهیم سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ژنان لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ نوچە وتی “ئێمە هەندێك زانیارییمان لەبەردەستن، كە بە گوێرەی زانیارییەكان ژمارەی ئەو كچ و ژنە ئێزدیانەی كە داعش لە ناوچەكانی شەنگالەوە بردوونیان، 500 كەسن و ئێستا لە هۆڵێكی وەرزشی لە بەشی خۆرئاوای نەینەوان، بەڵام بە حوكمی ئەوەی كە تەلەفۆنیان لا نیە ناتوانین لە رەوشی ژیانیان بە وردی ئاگادار بین، هەروەها ئێمە خۆیشمان ناتوانین بچینە ناو شاری موسڵ و لە دۆخیان ئاگادار بین”.
وتیشی “دوێنێ پەیوەندیم بە كەسوكاری ئەو كچ و ژنانەوە كردووە، ئەوان وتیان چەكدارانی داعش بەشێكیان لێهەڵبژاردوون و بردوونیان بۆ سوریا، بۆ مەبەستی ئەنجامدانی نیكاح لەگەڵیان”.
ئێڤار ئیبراهیم ئاماژەی بەوەیشدا، كە ئەوان لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن، وتی “ئێمە لەسەر فشارەكانی خۆمان بەردەوام دەبین و داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین، كە چارەنووسی ئەو كچ و ژنانەمان بۆ ئاشكرا بكەن، هەروەها هەفتەی داهاتوویش پەیوەندی بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەكەین، تا بە هەموو لایەك چارەنووسیان ئاشكرا بكەین”.
دوای ئەوەی چەكدارەكانی داعش دەستیان بەسەر ناوچەی شەنگالدا گرت، ژمارەیەك لە كچ و ژنانی ئەو ئەو ناوچەیان وەك جارییە دەستبەسەركردوون و گواستونیانەتەوە بۆ شوێنێكی نادیار.