مەكتەبی سیاسی یەكێتی: قبوڵ ناكەین لە بارەگای یەكێتییەوە كار بۆ درووستكردنی تەفرەقە بكرێت
نوچە: تایبەت
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە، بە نوچەی راگەیاند، شەڕی داعش شەڕێكە و یەخەی بە هەموو كوردستان گرتووە، ئێمە لای خۆمانەوە لە كەسی قبوڵ ناكەین كە لە بارەگاكانی یەكێتییەوە كار بۆ درووستكردنی تەفرەقە بكات.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی “پێش بڕیارەكەی كاك مەسعودیش ئێمە هەوڵمان بۆ ئەوە بووە، كە بەر بە تەفرەقەكان بگرین و لەو پرسانەی كە تایبەتن بە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان، ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت”، وتیشی “هەرچەندە ئەو شتانە كاتین و لە كاتی هەڵبژاردن و دۆخێكی وەك ئێستادا درووست دەبن و خۆیان چارەسەر دەبن، بەڵام ئێمە لە كەسی قبوڵ ناكەین كە لە بارەگانی یەكێتییەوە كار بۆ درووستكردنی تەفرەقە بكات و بیەوێت ئاڵای یەكێتی بۆ ئەو مەبەستە بەكار بهێنێت”.
وتیشی “ئێستا لە مەڵبەندەكان دەستمان كردووە بە دابەش كردنی ئاڵای كوردستان، بە تایبەت لەو مەڵبەندانەی كە سنووری كاریان دەكەوێتە نزیك جەبهەكانەوە”.
لە ماوەیەكانی پێشوودا، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بڕیارێك هەڵكردنی ئاڵای حیزبەكانی لەبەركانی شەڕ قەدەغە كرد و رایگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەكان بە ئاڵای كوردستانەوە بەشداری بكەن، هەروەها بڕیاری ئەوەیشیدا كە هەر كەسێك ئاڵای حیزب لە بەرەكانی شەڕ هەڵبكات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت.
.