ڤیان دەخیل و كورێكی فازڵ میرانی تێدایە، فرۆكەیەك كە یارمەتی بۆ ئاوارەكان دەبرد كەوتە خوارەوە
نوچە: هەولێر
لە كاتی گەیاندنی كۆمەك و هەڵگرتنی چەند ئێزیدییەك بۆ قوتاكردنیان لە چیای شەنگال، فڕۆكەیەك دەكەوێتە خوارەوە، كە كوڕێكی فازل میرانی و ڤیان دەخیلی پەرلەمانتاری تێدایە.
بە گوێرەی زانیارییەكان فڕۆكەكە لە جۆری هێلیكۆپتەرە و بە هۆی لە دەستدانی هاوسەنگییەوە لەسەر زنجیرە چیای شەنگال كەوتۆتە خوارەوە، هەر بە گوێرەی زانیارییەكان ئەو هێلیكۆپتەرە هەر یەكە لە ڤیان دەخیل پەرلەمناری ئێزیدی لە پەرلەمانی عێراق و یادگار فازڵ میرانی و 20 ئاوارەی چیای شەنگالی هەڵگرتبوون، كە بە مەبەستی قوتاركردنیان لەو چیایە و گەیاندنی هاوكاری بەوانی تر بە هانایانەوە چووبوون.
بە گوێرەی زانیارییەكان، فڕۆكەوانەكە گیانی لە دەستداوە و ئەوانی تریش هەموویان بریندارن.
لە لایەكی ترەوە، قاسم عەتا وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق سەبارەت بە رووداوەكە رایگەیاند “هێلیكۆپتەرەكە لە جۆری می 17یەو لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی مرۆیی و بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە”.