گرووپێکى سوننى: بەمزووانە مالیکى و عیبادى دەستگیر دەکەین
نووچەنێت-ئاژانسى دەنگوباسى ئەڵمانى
ئەبوعەبد نعێمى ووتەبێژى گرووپێک کە خۆیان ناوناوە “شۆڕشگێرَانى خێڵەکانى عێراق” دەڵێت مالیکى و عیبادى دوو رووى یەک دراوون.
نعێمى لە لێدوانێکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسى دەنگوباسى ئەڵمانى دەڵێت “شۆڕشگێڕانمان ،رۆڵەکانى حیڵە شۆڕشگێڕەکان و ئەفسەرانى سوپاى عێراق، ئێستا لە لێوارى بەغدادن و لە چەند رۆژى داهاتوو دەگەینە ناو بەغدا و هەریەکە لە مالیکلى و عیبادى و ئەو ناپاک و بەکرێگیراوانەى لەسەر رێبازى ئەوانن لە ناوچەى سەوز دەستگیر دەکەین و دەیاندەینە دادگا نێودەوڵەتییەکان”.
بە ووتەى نعێمى هەنگاوى دواى ئەوە درووستکردنى حکومەتێکى رزگارى نیشتیمانى دەبێت لەلایەن “شۆڕشگێڕانى خێڵەکان”ەوە کە هەموو نەتەوە و مەزهەبەکان بێ جیاوازى بەشدارى تێدا دەکەن.
دەربارەى هەڵوێستیان بەرامبەر داعش، ئەو رەتیکردۆتەوە رێکخراوێکى لەو جۆرە لەسەر خاکى عێراق هەبێت و ووتوویەتى ئەوەى روودەدات شۆڕشگێرَى خێڵەکان دەیکەن و ئەوان تەنیا لە راگەیاندنەکانەوە ناوى داعش دەبیستن. دواتر پرسیارى لێکراوە سەبارەت لەو لایەنەى هەستاوە بە کۆچپێکردنى زۆرەملێى مەسیحى و ئێزدییەکان، ئەو ووتوویەتى “رێژەیەکى کەمى چەکدارەکان کە 5-10% تێناپەڕن و خۆیان ناوناوە داعش ئەو کردەوانە دەکەن، ئێمە و هەموو خەڵکى عێراقیش کارى لەوجۆرە رەتدەکەینەوە”.
سەبارەت بە کاردانەوەى ئەوان لە بەرامبەر کردەوەکانى داعش، نعێمى ووتوویەتى “بە فەرمى پێمان ووتوون ئەگەر کارى لەو جۆرە دووبارە بکەنەوە، کاردانەوەمان دەبێت”.
نعێمى پێیوابووە کۆچپێکردنى ئێزدى و مەسیحییەکان و تەقاندنەوەى مەزارەکان بە پیلانى کەسانى سەر بە مالیکى ئەنجامدراوە تا نێوبانگى شۆڕشگێڕى خێڵەکان لەکەدار بکەن.