سیروان بارزانی: ئەگەر فەرمانمان پێبدرێت، تا موسڵ دەڕۆین
نوچە: هەولێر
سیروان بارزانی فەرماندەی میحوەری گوێڕ – مەخموری هێزەكانی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەگەر فەرمانیان پێبدرێت تا موسڵ دەڕۆن،سەبارەت بە هێزە جۆربەجۆرەكانی كوردیش وتی “ئێنتیمای سیاسی پارتی و یەكێتی و پەكەكە گرنك نین، ئەگەر ئەوەیە لە پێناو كوردستان شەڕ دەكەین”.
سیروان بارزانی بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتووە “دوای بۆردومانی هێزە ئاسمانییەكان و چوونی پێشمەرگە بۆ ناو قەزای مەخمور و ناحیەی گوێڕ ئێستا رەوشەكە زۆر ئارامە و هێزەكانی پێشمەرگە لەهەموو شوێنێك جێگیركراون، رەوشەكە بەجۆرێكە چاوەڕوان دەكەین، هاوڵاتیان بگەڕێنەوە سەر زێدیان، هەروەها وتوویشییەتی “تا ئێستا هەموو سنووری مەخمور ئازادكراوە. تەنانەت چووینەتە دەوروبەری قەزاكە سەبارەت بەچوونی هێزەكانی پێشمەرگەش بۆ ناوچەكانی وەك باقرتەو شوێنەكانی تری خوارووی مەخمور هەركاتێك پێویست بكات، دەتوانین بیگرینەوە”.
سەبارەت بەو ناوچە كوردیانەی كە تا ئێستا داعشی تێدا ماوە، ئەو فەرماندەیە وتوویەتی “چاوەڕوانی چەكی باشتر دەكەین، ئەوەی كە بەڕێوەیەو بڕیارە بگاتە دەستمان بەم نزیكانە دوژمن بەرەو ئەولاتر دەبەین”.
سەبارەت بەبوونی هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی و یەكێتی و پەكەكە كە ئێتا لە ناوچەكانی مەخمور هەن، وتوویەتی “هەركەسێك بۆ كوردستان شەڕ بكات، بە یەكگرتوویی حیساب دەكرێ. ئەوەی شەڕی كردووە دەستیان خۆش بێ، ئەوانەی پێشتر لێرەبوون و ئەوانەی ئێستاش لێرەن. ئیتر پێویست ناكات بگوترێ كێ پارتی و یەكێتی و پەكەكەیە”.
سیروان بارزانی دەربارەی هێرش بردن بۆ سەر داعش وتوویەتی “هێرش بردن زۆر گران نییە ئەگەر فەرمانمان پێ بكرێت. تا موسڵیش دەڕۆین، ئەوەی گرنگە خۆ پاراستنەكەیە، چونكە سنوورەكە تا دێت فراوان دەبێ پێویستی بەخۆ راگرتنە”، وتوویشییەتی “كاتێك رۆژی یەكشەممە لە سنووری هەولێر شەڕ دەستی پێكرد لە باكووری گوێر پاش كاتژمێرێك دواتری، ئێمە لە میحوەری مەخمورەوە، چوینە پێشەوە سوپاس بۆخوا لە ماوەی كەمتر سێ كاتژمێر چەكدارانی داعش تێك شكێنران”.
فەرماندەی میحوەری مەخمور – گوێڕ، دەربارەی زیانە گیانییەكانی داعش لە شەڕەكانی گرتنەوەی گوێڕ و مەخموور وتوویەتی “پێنج چەكداری داعش مان بەدیل گرتووە. ئەوەی دیارە نزیكە 50 كوژراویان هەیە”.