هێرشە خۆکوژییەکەی بەغدا کەموکورتییە ئەمنییەکان دەردەخات

0

نوچه‌نێت

هێرشە خۆکوژییەکانی بەغدا، کە ڕێکخراوی داعش لە ئەستۆی گرتن، کەموکورتییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی بەغدا دەردەخات، ئەو دەزگایانەی تا ڕادەیەکی زۆر سەرقاڵن بە لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و گرژییە سیاسییەکان و زیادبوونی هەژموونی گرووپە چەکدارە کێبڕکێکەرەکان.

ڕۆژی پێنجشەممە لە تەقینەوەکاندا لانیکەم ٣٢ کوژران و زیاتر لە سەد کەسیش بریندار بوون، ئەوەش زۆرترین ژمارەی قوربانی بوو لە ماوەی سێ ساڵدا، ئەو سێ ساڵەی جۆرێک ئارامیی بەخۆیەوە بینیبوو لەپاش شکستهێنانی ڕێکخراوی داعش لە کۆتایی ٢٠١٧ دا.

لێکۆڵەر جاک واتلینگ لە “ئەنستیتۆی شاهانە تایبەت بە جەنگ و بەرگری” یەوە لە لەندەن بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە کە ئەمە مانای گەڕانەوەی داعش نییە، بەڵام چەندین کێشەی ڕوون و ئاشکرا لە کەرتی ئەمنیی عێراقیدا هەیە و ئەمەی روویدا باشترین بەڵگەیە.

دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سفرەوە بونیاتنرانەوە و بۆ ئەو بونیاتنانەوەیەش پشت بە ڕاهێنەرانی بیانی بەسترا.

ئەو ڕاهێنەراش هەموویان لەپڕ ڕۆیشتن بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا. پەتای کۆرۆنا لەناو سەربازانی عێراقیدا بڵاوبووەوە چونکە مەرجەکانی لێکدووریی کۆمەڵایەتییان پەیڕەو نەدەکرد لەناو بنکەکانی ڕاهێنان. ئەوە بوو لە ئاداری ٢٠٢٠ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان فەرماندەییان دەکات ڕایگەیاند کە ڕاهێنەرانی بیانی دەکێشێنەوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکیی رایدەگەیەنێت “کەمکردنەوەی مەشق و ڕاهێنان لە ساڵی ڕابردوو بەهۆی پەتای کۆرۆنا بووەهۆی دروستکردنی کەمو کورتی لەوێ” مەبەستی بەغدادە.

واتلیلنگ وایدەبینێ ئەمە مانای ئەوەیە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەشێکی گەورەی ئەو پشتیوانییەیان لەدەستداوە کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی پێشکەشی دەکردن لەبواری چاودێریدا، واتە جۆرێک لە “سیستمی هۆشداریی پێشوەختە” ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیوە لە دەرخستنی هێرشەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، بەرلەوەی ڕووبدەن.

ساڵی رابردوو هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دوای کشانەوەی هێزەکانی لە هەشت بنکە لە عێراق ڕایگەیاند کە ئیدی هێزە عێراقییەکان توانای ئەوەیان هەیە بە تەنیا لە دژی پاشماوەکانی داعش بجەنگێن.

هەر لەو ماوەیەدا و لەگەڵ باشبوونی دۆخی ئەمنی، دەسەڵاتداران هەستان بە لابردنی بەربەستە کۆنکریتییەکان و خاڵەکانی پشکنین کە ساڵانێکی زۆر بوو لە بەغدا جێگیرکرابوون. هەروەک بەشێک لە هێزە ئەمنییە گرنگە خاوەن ئەزموونەکان جووڵەیان پێکرا بۆ ڕاوەدوونانی شانەکانی داعش لە ناوچە گوندییەکانی دەرەوەی شارەکان و بەرپرسیارێتیی ئاساییشی بەغدای پایتەخت درایە دەستی هێزگەلی کەمئەزموونتر.

شرۆڤەکاری ئەمنی، ئەلێکس میلۆ، دەڵێت کە داعش “لەوە لاوازتر دەردەکەوت کە بتوانێ هێرش ئەنجامبدات” بەڵام “بۆشاییەکی بینییەوە کە لێیەوە ئەنجامیبدات”.

بەرپرسە ئەمریکییەکە چەند نموونەیەکی پیشاندا لەو بارەیەوە. لە مانگی دیسەمبەردا هێزەکانی هاوپەیمانان ناچاربوون هێرشێکی ئاسمانی لە نزیک موسڵ ئەنجامبدەن، دوای ئەوەی بەهۆی کەمتەرخەمیی هێزە عێراقییەکانەوە لەسەر زەوی، ڕێگە بۆ توندڕەوەکان خۆش بوو دەست بە جموجوڵ بکەن.

لەو لێدانەدا ٤٢ توندڕەو کوژران، دیارە ئەوە ژمارەیەکی زۆرە لەچاو ئەوەی هێزی زەمینی عێراقی لەو شوێنە هەبوون. بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە “فەرماندە باڵا عێراقییەکان لە بەغدا تووڕە بوون لە هێزە لۆکاڵییەکانیان، چونکە دەبوو ئاگاداری ئەو گردبوونەوەیەی توندڕەوەکان بن”.

بەڵام وا دیارە ئاڵنگارییە سەرەکییەکە تەنها هونەری وتەکنیکی نییە. چونکە هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی پێکدێن لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی. حەشدی شەعبیش بریتییە لە هاوپەیمانێتی چەندین گرووپی شیعە کە لە دوای ٢٠١٤ لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان خراونەتە پاڵ یەک.

ژمارەیەکی زۆری ئەم هێزانەش ئێران پشتیوانییان دەکات، ئەمەش وایکردووە متمانە نەبێت لەنێوان ئەم هێزانە لەلایەک و ئەو هێزانەی هاوپەیمانان مەشق و ڕاهێنانیان پێکردوون لەلایەکی دی.

گرژی نێوان هەردوولاش زیاتریکرد دوای ئەوەی بەهۆی لێدانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە سەرەتای ساڵی ڕابردوو هەریەکە لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کوژران.

واتلینگ وایدەبینێ “گرژییە راستەقینەکە، سیاسییە!” ڕوونیشیدەکاتەوە کە لەکاتی جەنگان لە دژی ڕێکخراوی داعش “ئاڵوگۆڕی زانیاری بەشێوەی نافەرمی هەبوو لەنێوان حەشد و هاوپەیمانان و ئەوانی دیکە، بەڵام ئیدی ئەوە نەما”.

کارکردن لە سایەی ئەم گرژیانەدا بۆ سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی ئاڵنگارییەکی گەورەیە. کازمی دوای ئەوەی پلەی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری عێراقی بینیبوو، پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت. بەشێوەیەکی سەرەکیش پشتی بە دامەزراوەی دژەتیرۆر بەست کە مەشقەکانیان لەسەر دەستی هێزەکانی ئەمریکا بینیبوو بۆ ڕاوەدوونانی شانە توندڕەوەکان و دەستگیرکردنی بەرپرسانی توندڕەو و سنووردانان بۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکان کە مووشەکەکانیان ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکرد.

چاودێران وایدەبینن کازمی متمانەی بە ژمارەیەکی زۆر سنوورداری هێزە ئەمنییەکان هەیە، ئەمەش وای لە هێزەکانی دژەتیرۆر کردووە بچنە هەڵوێستی ڕووبەڕووبوونەوەی نابەدڵانەی گرووپەکانی سەر بە ئێران و هەندێکجار لە رووبەڕووبوونەوە پاشگەزبوونەتەوە.

مارسین شەممەری لە ئەنستیتۆی برۆکینز دەڵێت “پاشگەزبوونەوەی بەردەوام لە فەرمانەکان و و پۆزشهێنانەوە بۆ گرووپە بە ئامانجگیراوەکان هیچی لێ سەوزنابێ جگە لە لاوازبوونی هێزەکانی دژەتیرۆر و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان و حکومەتی عێراق”.

هێرشەکەی پێنجشەممە کازمی هاندا گۆڕانکاری بکات لە فەرماندە ئەمنییەکان و ناوزەدکردنی فەرماندەی نوێ، لەناویاندا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و پۆلیسی فیدراڵ و هەواڵگری و وەزارەتی ناوخۆ. کازمی هیوادارە ئەم گۆرانکارییانە ڕۆڵیان هەبێ لە چارەسەری کەموکورتییەکان. بەڵام چاودێران گومانیان هەیە ئەو کارە، ئەو ئامانجە بپێکێت. چونکە کێشەکە لە راستیدا لەسەر ئاستی فەرماندەکان نییە.

واتلینگ دەڵێ “کاتێک مامەڵە لەگەڵ بیرۆکراتییەکی گەندەڵ دەکەیت، هیچ لایەک خاوێن نییە!”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com