له‌ دوو هه‌فته‌دا..٦٤ هاووڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەركراون

0

نوچه‌نێت

بە پێی هەواڵی هەواڵنێری هرانا ژمارەی ئەو چالاکە کوردانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ماوەی دوو هه‌فته‌ى ڕابردوودا بانگهێشتی ناوەندەکانی سەر بە دامودەزگای ئیتلاعات و سوپای پاسداران کراون گەیشتووەتە ٦٤ کەس. زیاترین دەستبەسەرکراوەکان لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، نەغەدە، سەقز، بانە، مەریوان، ڕەبەت، سنە، سەوڵاوا و کراماشانن.

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاویش لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە لە ماوەی دوو هه‌فته‌ى ڕابردوودا تا ئێستا “لانیکەم ٦٧ هاووڵاتی کورد لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، ڕەبەت، پیرانشار، نەغەدە، سەقز، بانە، مەریوان، سنە، کەلاتەرزان، سەوڵاوا و کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەست بەسەر کراون کە پێنج کەسیان ئازاد کراون و ٦٢ کەسیان هێشتا دەستبەسەرن”.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری هرانا، لە شەپۆلی نوێ دەستبەسەرکردن و گوشارەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان لەسەر چالاکوانانی کورد، دەستبەسەرکرانی هەندێ لەو چالاکوانانە بە بێ حوکمی دادوەر بووە و هێزەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵیان و دەستیان گرتووە بەسەر کەلوپەلی تایبەتیاندا و لە کاتی ده‌ستبەسەرکردنی ژماره‌یه‌ک لەو چالاکوانانە لێیان دراوه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ دراون.

بە پێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەی هەندێ لەو هاووڵاتیانەیان خستووەتە ژێر گوشار بۆئەوەی لەگەڵ میدیا و ڕۆژنامەکاندا سەبارەت بە دۆخی منداڵیکانیان قسە نەکەن.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانە لانیکەم ١٣ هاووڵاتی بە ناوەکانی حسێن میهرەبان، هێرش ڕەسووڵ پوور، فواد محەمەد پوور، فەریبا ئەحمەدی، ڕۆژین محەمەد پوور، عەلی زلفی، قادر ڕەسووڵپوور، محەمەد حاجی ڕەسووڵپوور، ڕەشید ئەحمەدی، محەمەد ئەمین ئەحمەدی، ڕەزا، محەمەدی و فەرهاد زەندی لە لایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراون.

بەرپرسانی دادوەری و ئەمنیی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ڕایان نەگەیاندووە کە هۆکاری دەستبەسەرکردنەکان و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە.

بنکەی هەواڵنێری چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران [هرانا]، لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە “ئەزموونی دەسەڵات لەو جۆرە کەیسانەدا کە بە شێوەی بەربڵاو هاووڵاتیانی دەستبەسەر کردووە بووەتە هۆی نیگەرانی سەبارەت بەوەی دەستبەسەرکراوان بە زۆرەملێ ناچار بکات دان بە هەندێ تاواندا بنێن و بۆ ئەو مەبەستە گوشار بخاتە سەریان”.

هەروەها، ئەندامانی گرووپێکی موسیقای ژنان بە ناوی گلاریس کە ناوەکانیان بریتییە لە نازەنین ئەتابەکی، نەستەرەن یەزدانی پوور، مەلێحە مۆرادی، سەمیرا فەرەحناکی و ئیلهام یەزدانی پوور چەند جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری کرماشان بانگهێشت کراون.

ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵ ئەندامانی ئەو گرووپە “درووستکردنی کلیپێکە بە بۆنەی شەوی یەلدا و گۆرانی خوێندنی ژنان”.

بە هەموو ئەندامانی ئەو گرووپە ڕاگەیەندراوە کە نابێ بەردەوامی بە چالاکییەکانیان بدەن و لەو نێوەدا ئەندامانی گرووپی گلاریس، نازەنین ئەتابەکی و نەستەرەن یەزدانی پوور و دوو گۆرانیبێژی ئەو گرووپە دەستبەسەر کران و پاش لێپرسینەوە، بە دادانی زەمانەت بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com