دۆسیه‌ى ئه‌تۆمى ئێران و هه‌نگاوى نوێى ئه‌مریكا

0

نوچه‌نێت

جێن ساکی، وتەبێژی نوێی کۆشکی سپی، لە یەکەمین کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی ئیدارەی بایدن کە چەند کاتژمێرێك پاش مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک بەڕێوە چوو، باسی لە بەرتەسککردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد.

جێن ساکی وتی: “پێویستە لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە سنووری زیاتر و دوورمەوداتر بۆ چالاکییەکە ئوتۆمییەکانی ئێران دابنرێن”. ساکی وتی ئەو پرسە لە گفتوگۆ سەرەتاییەکانی جۆ بایدن لەگەڵ سەرۆکانی وڵاتانی تر و وڵاتانی هاوپەیماندا دەکەوێتە بەر باس.

بایدن پێشتر وتبووی لە ئەگەری گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەمریکایش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتننامە. بەڵام ساکی لە وەڵامی پرسیارێک لەو بوارەدا ئاماژەی بە پێویستیی پابەندبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی کرد و وەڵامی ئەو پرسیارەی نەداوە کە ئایا بایدن پلانێکی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی هەیە یان نا.
وتەبێژی نوێی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: “پێویستە سەرۆك لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بەرتەسکتر بکاتەوە و پرسەکانی تر چارەسەر بکات کە جێگای نیگەرانین و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە ئێران پابەند بێت بە بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بە سنووردارکردنی چالاکییەکانی بە پێی ڕێکەوتتنامەی ئەتۆمی”. ئانتۆنی بلینکن، نوێنەری هەڵبژێردراوی بایدن بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چەند ڕۆژ پێشتر وتبووی پێویستە بەرنامەی مووشەکی و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لەبەرچاو بگیردرێن.

بلینکن وتی چاوەڕوان دەکات گفتوگۆکان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و ڕابەرانی وڵاتانی تر و وڵاتانی هاوپەیمانان دەست پێ بکەن و پێش بینی ئەوە دەکات کە پرسی ئێرانیش بەشێک بێت لەو گفتوگۆیانە.

بایدن ڕۆژی ڕابردوو ١٥ فەرمانی بۆ جێبەجێکردن ئیمزا کرد کە هیچ یەک لەو فەرمانانە پەیوەندی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە نەبوو.

ساکی و بایدن جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پرسە ناوخۆییەکانی ئەمریکا و بە تایبەت پەتای کۆرۆنا و بارودۆخی ئابووریی گرنگی زیاتریان پێ دەدرێ.

پێشتریش بلومبۆرگ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە هەڵوەشاندنەوەی سزا نەوتییەکان لە سەر ئێران لە ئەولەوییەتی بەرنامەی بایدندا نییە. هەندێ لە شارەزایان باس لەوە دەکەن کە کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی ئەمریکا و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ڕوانگەی بایدن سەبارەت بە ئێران کاریگەری دادەنێن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com