هاریس: ڕێگا نادەین ئێران چەکی ئەتۆمی درووست بکات

0

نوچه‌نێت

که‌مالا هاریس جێگری سەرۆكى ئەمریکا، شەوی ڕابردوو و پاش مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێگا نادات “ئێران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆمی”.

هاریس لە کۆبوونەوەی ئێوارەی چوارشەم لە واشنتن وتی جۆ بایدن لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە میراتی سەردەمی سەرۆک ئوبامایە هاوکاری دەکات و ڕووبەڕووی ئەو سیاسەتانەی ئێران دەبێتەوە کە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری.

هەندێ لە بەرپرسان و چاودێرانی ئێرانی لەو بروایەدان کە دەسەڵاتگرتنی ئیدارەی نوێی بایدن یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکانی ئێران و ڕێککەوتنێکی گونجاوتر لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات، هەر بۆیە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئێران خۆی بوارد لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.

بە وتەی هاریس، ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕێگرە لەوەی ئێران بگاتە چەکی ئەتۆمی و بە وتەی چاودێران و پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئەو ڕێککەوتنە میکانیزمێکی گونجاو بوو.

که‌مالا هاریس وتی ئیدارەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چووە دەرەوە و بەڵێنێ دا ڕێککەوتنێکی باشتر ئەنجام بدات بەڵام تاران چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی خێراتر کردەوە.
که‌مالا هاریس لە درێژەی لێداوانەکەیدا وتی، “ڕێگا بدەن بە ئاشکرا ڕایبگەیەنم، ئێمە ڕێگا بە ئێران نادەین دەستی بگات بە چەکی ئەتۆمی و لەو ماوەیەدا هەوڵ دەدەین ئیسرائیل لەوە دڵنیا بکەینەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی لێ دەکات”.

بە وتەی هاریس، ئەو کاتەی بایدن جێگری سەرۆک کۆمار بوو هەوڵی باشی دا بە مەبەستی ڕێگریکردن لەوەی ئێران دەستی بگاتە چەکی ئەتۆم. هەروەها وتیشی ئیدارەی ئوباما هەندێ سزای چەند لایەنەی توندی خستە سەر ئێران و دواجار تارانی ناچار کرد گفتوگۆ بکات و دەرفەتی رەخساند بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا وێرای ئاماژە کردن بە ڕەتکردنەوەی بڕیارنامەی پێشنیارکراوی ئەمریکا لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە درێژکردنەوەی سزاکان لەسەر ئێران لە بواری کڕین و فرۆشتنی چەک وتی ئێستا ئەمریکا زیاتر لە هەموو کات لە نێو هاوپەیمانانیدا کەوتووەتە پەراوێز.

هاریس وتی ئیدارەی بایدن هەوڵ دەدات ئێران بە بەرپرسیارییەتییەوە هەڵوێست بگرێت و ئەگەر تاران بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
هاریس جەختی کردەوە کە لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێران کە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری هاوکاری دەکات.

هاریس ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیدارەی بایدن هەرگیز بڕیاردانی سیاسی تێکەڵ بە هاوکارییەکان لە بواری ئاسایشدا ناکات و بەردەوام وەک پشتیوانی ئیسرائیل دەمێنێتەوە. که‌مالا ئاماژەی کرد بە هەوڵەکانی بایدن بۆ پێکهێنانی ڕێککەوتنێکی ٢٨ میلیار دۆلاری کە گەورەترین پلانی یارمەتی سەربازی بوو لە مێژووی ئەمریکادا و بەشێکی پەیوەندیدارە بە یارمەتیدان بە ئیسرائیل لە بواری سەربازی و بەرگریدا.

که‌مالا هاریس لە درێژەدا وتی، “بەڵێنتان پێ دەدەم کە ئیدارەی بایدن- هاریس پابەندی بەڵێنە بەردەوامەکانمان دەبێت سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و ئەوەش هاوکارییەکان لە بواری سەربازی و زانیاریدا لە خۆ دەگرێ”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com