هاوپەیمانیی عامری بێزاریی خۆی لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەردەبڕی

0

هاوپەیمانیی عامری بێزاریی خۆی لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەردەبڕی

نوچه‌نێت

كاتێك باسى دواخستنى هه‌ڵبژاردن كرا، هاوپەیمانێتییەکەی عامری بێزاریی خۆی لەم دواخستنە ناشارێتەوە و داوا لە کۆمیسیۆن و حکومەت دەکات پابەند بن بەو ئەرکانەی لەسەریانە و هۆشداریش دەدات لە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ساڵی داهاتوو.

هەرچەندە دەوترێ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کاتی پێویست بدرێت بە هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان تاوەکوو خۆیان تۆماربکەن، بەڵام هەمان کات بۆ ئەوەشە کاتی پێویست تەرخانبکرێت بۆ داڕشتنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی، کە لایەنی بەرپرسی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە، کە یەکێکی دیکەیە لەو لەمپەرانەی لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندان لەو وادەی حکومەت دیاریکردووە.

پێشووتر کازمی شەشی حوزەیرانی وەکوو وادەی هەڵبژاردنەکان دیاریکردبوو، کە ئەوەش دابەشبوونی لەناو لایەنە سیاسییەکان دروستکردبوو لەنێوان پەسەندکردن و ڕەتکردنەوەدا.

کەشی گونجاوی هەڵبژاردن

هاوپەیمانیی عامری بێزاریی خۆی لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەردەبڕی و داوا لە حکومەت دەکات پابەندی وادەکانی بێت و دۆخێکی گونجاو بچەسپێنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

لە بەیاننامەی هاوپەیمانێتییەکەدا هاتووە “هاوپەیمانێتی فەتح بێزاریی زۆری خۆی دەردەبڕێت لە دواخستنی وادەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکان، کە بڕیار بوو لە ٦/٦/٢٠٢١ ئەنجامبدرێت، کە پێچەوانەی ئەوەیە کە ڕێککەوتنی لەبارەوە کراوە، کە دەبوو هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەوپەڕی بکەوێتە ساڵێک لەدوای پێکهێنانی حکومەت”.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە “دەترسین ئەم دواخستنە وابکات زیاتر دوابخرێت بۆ ساڵی ٢٠٢٢، بۆیە سوورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت لەم وادە نوێیەدا ئەنجامبدرێن، بە هیچ دواخستنێکی دیکە ڕازی نابین، هانی حکومەت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەدەین بە جددییەتێکی گەورەترەوە کاربکەن و فۆرمی بایۆمێتری تەواوبکەن بۆ گەرەنتیکردنی خاوێنی و شەفافیەتی هەڵبژاردنەکان”.

لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە ” دەبێت حکومەت پابەندی وادەکانی بێت و دۆخێکی گونجاو بچەسپێنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە “.

بەپێی نووسراوێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە پێرێ ئاراستەی حکومەتی کردووە “بە سووربوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنێکی تەواو و پاک و دادپەروەرانە و بەهۆی تەواوبوونی ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان، و بەهۆی کەمیی ژمارەی هاوپەیمانێتییە تۆمارکراوەکان لە فەرمانگەی کاروباری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لەو ماوەیەی لە خشتەی کارەکاندا دیاریکرابوو، پێویستدەکات ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتیەکان درێژبکرێتەوە و بەهۆی ئەو ڕێکاریانەی پێویستن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردن، پێشنیازدەکەین ڕۆژی ١٦ی تشرینی یەکەم ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ بکرێتە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە”.

فەراهەمکردنی خواست و داواکارییەکان

سەرەڕای پێشنیازی دواخستنەکە، تاوەکوو ئێستاش کۆمیسیۆن بەردەوامە لە ئامادەسازیی بۆ ڕۆژی دەنگدان، ئەوەتا وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن لەگەڵ جەلیل عەدنان سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆبووەوە بۆ باسکردنی ئامادەسازییەکان بۆ هەڵبژردنی پێشوەختە.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە، فوئاد حسێن “لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کردووە بە ئامادەبوونی دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان” هەروەها هاتووە “لە کۆبوونەەوەکەدا باس لە ئامادەسازییەکان کراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکان لەمساڵدا”.

وەزیر دڵنیاییداوە “حکومەت کار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات کە بە یەکێک لە گرنگترین ئامانجە سەرەکییەکانی بەرنامەی حکومەت دادەنرێت” جەختیشی کردووەتەوە لەسەر “ئامادەیی حکومەت بۆ فەراهەمکردنی هەموو ئەو پێداویستییانەی کە دەکەونە سەرشانی و فەراهەمکردنی کەشوهەوای ئارام بۆ ئەنجامدانی هەڵبژارنی خاوێن بەپێی پێوەرە نێودەولەتییەکان”.

ئاماژەشی بەوە کردووە “گفتوگۆکرا لەبارەی ئەو هەنگاوانەی وەزارەتی دەرەوە هەڵیهێناون بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ ڕێکخراوە نێەودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و پشتیوانییان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بانگهێشتی چاودێرانی نێەوڵەتی بۆ چاودێریی هەڵبژاردن”.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە “باس لە پرسەکانی پەیوەست بە لایەنە هونەرییەکان کرا، بە تایبەت هاریکاریی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان”.

ئەوەشی وتووە کە “وەزارەت بە هاریکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و چاودێران هەموو تواناکانی فەراهەمدەکات بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن”.

هاریکاریی دامەزراوەکان

سەرۆکی دەستەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر “پێویستیی هاریکاریی سەرجەم وەزارەت و دامەزاروەکانی دەوڵەت لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ هێنانە بەرهەمی پلانەکانی، ڕاپۆرتێکیشی پێشکەشکرد لەبارەی ئەو ئامادەسازییانەی کۆمیسیۆن ئەنجامیداون بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن”.

لە دیدارەکەدا هەریەک لەمانە ئامادەبوون “کەریم تەمیمی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار، عەبدولحسێن هینداوی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران، نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونامی”.

هەر لەو میانەیەدا، بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق هۆشداری دا کە دواخستنی وادەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکان، مانای سەپاندنی دیکتاتۆریزم و سنووربەزێنیی حیزبەکانە لە بەرامبەر ویستی گەل.

لە تویتێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئەعرەجی دەڵێت “دواخستنی هەڵبژاردنە پێشوەختەکان بۆ وادە نوێیەکەی کە شەش مانگ زیاتر دوور نییە لە وادەی ئاسایی هەڵبژاردن، مانای وانییە ئێمە لە بەردەم هەڵبژاردنێکی پێشوەختداین”.

هەروەها وتوشیەتی “بگرە ئەوە هەڵبژاردنێکە بۆ ئەوەی حیزبەکان دیکتاتۆریزم و سنووربەزێنیی خۆیان بەسەر ویستی گەلدا بسەپێنن” بە وتەی ئەو.

هەرچی تاریق حەرب، شارەزای یاساییە، ئەوە دەڵێت دواخستنی هەڵىژرادن بۆ بوواردان بە هاوپەیمانێتییەکان تاوەکوو خۆیان تۆماربکەن، بەهانەیەکی گرنگ نییە، چونکە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان پشتیوانیی کاندیدی تاکەکەسی دەکات، بەم پێیە سەرۆکی لیستەکان سوودمەند نابن لە دەنگی ئەندامانی لیستەکەیان و بەپێچەوانەشەوە.

لە ڕوونکردنەوەیەکیدا کە لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت “پێکهێنانی حیزب و چوونیان بۆ ناو پرۆسەی هەڵبژاردن سوودی نییە، چونکە یاسای نوێی هەڵبژاردن ناهێڵێ تاکە یەک دەنگی کاندیدێک بدرێتە کاندیدێکی دیکە، ئەوەش بە پێچەوانەی ئەوەی جاران سەرۆک لیست سوودی لە دەنگەکانی ئەندامی لیستەکەی وەردەگرت و بە پێچەوانەشەوە”.

حەرب هەروەها وتووشیەتی “بەشێکی زۆر لەو سەرۆک لیستانەی ئێستا لە پەڕلەمانن، بە دەنگی خۆیان نەگەیشتوونەتە پەرلەمان، بەڵکو بەوە گەیشتوون دەنگی ئەندامانی دیکەی لیستەکەیان بۆ چووە و لەگەڵ دەنگی خۆیان کۆکراوەتەوە و پێی چوونەتە پەڕلەمان، یان بە پێچەوانەوە ئەندامێکی لیستەکە دەنگی پێویستی نەهێناوە، بەڵکو لە دەنگەکانی سەرۆکی لیست یان ئەندامێکی دیکەی لیست توانیویەتی بگاتە پەڕلەمان، واتە خۆیان دەنگی پێویستیان نەهێناوە و بە دەنگی ئەندامانی دیکەی لیستەکە گەیشتوون”.

لە درێژەی وتەکانیدا وتووشیەتی “بۆ نموونە ئێستا لە پەڕلەمان دوو لیستی گەورە هەن لەسەر بەغداد و ناسراویشن، هەموو ئەندامانی ئەو دوو لیستە بە دەنگی سەرۆکی لیستەکانیان یان ئەندامێکی دیکەی لیستەکە گەیشتوونەتە پەڕلەمان نەک دەنگی خۆیان، هەروەها دوو لیستی دیکەش هەن کە سەرۆکی لیستەکانیان بە دەنگی خۆیان نەگەیشتوونەتە پەڕلەمان بەڵکو بە دەنگی ئەندامانی دیکەی لیستەکە گەیشتوون، ئەمە ئێستا ڕەتکراوەتەوە، بەمجۆرە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا جێبەجێدەکرێت، ڕێگەنادات بە گواستنەوەی تەنانەت یەک دەنگی سەرۆکی لیست بۆ ئەندامانی لیست و بە پێچەوانەشەوە، واتە سەرۆکی لیست ناتوانێ یەک دەنگی ئەندامانی لیستەکەی ببات بۆ خۆی، بەڵکو هەموو کەسێک تەنها دەنگی خۆی بۆ دەڕوات جا سەرۆک لیست بێت یان ئەندام لیست”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە “جا ئەگەر سەرۆکی لیست هیچ سوودمەند نەبێت لە ئەندامانی لیستەکەی، و ئەندامان هیچ سوودمەند نەبن لە دەنگی سەرۆک لیست، کەواتە چ پێویست بە پێکهێنانی حیزب و هاوپەیمانێتی دەکات، ئەگەر حیزب سوود بە سەرۆکی حیزب و ئەندامانی حیزب نەگەیەنێت. یاسا نوێیەکە کۆتاییهێنا بەوەی سەرۆکی لیست ئەو هەموو دەنگە بەدەستبهێنیت وەکوو جاران، ئیدی دەنگە زیادەکانی دەفەوتێن و ئەندامانی لیستەکەی سوود لە یەک دەنگیشی نابینن، هەمان شت بۆ ئەندامانی لیست کە سەرۆک هیچ سوود لە دەنگەکانیان وەرناگرێت”.

حەرب دەڵێت هیچ سوودێک نییە لە “هەبوونی حیزب و لیستی هەڵبژاردن، چونکە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان ڕێگەدەگرێ لەوەی ئەندامی حیزب و لیست سوودمەند ببێ لە سەرۆک حیزب و سەرۆک لیست، چونکە هەڵبژاردنی داهاتوو لیستی تاکەکەسییە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com