قەتەر ئامادەیە لە جیاتی ئێران گازی عێراق دابین بکات

0

نوچه‌نێت

عێراق بە مەبەستی هاوردەکردن و دابینکردنی گازی پێویست، بە دوای هاوبەشێکی گونجاودا دەگەڕێ. بە پێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان وڵاتی قەتەر ئامادەیە ببێتە جێگرەوەی ئێران بۆ هەناردەکردنی گازی شلە بۆ عێراق. عێراق خوازیاری ئەوەیە کۆتایی بە بەستراوەیی خۆی بە گازی ئێران بهێنێت.

هەناردەکردنی گازی شلەی ئێران بۆ عێراق بەرەو ڕووی هەندێ گرفت بووەتەوە و ئەوەش وایکردووە عێراق نەتوانێ پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات. ئێستا عێراق خوازیاری ئەوەیە ڕێژەی هاوردەکردنی گاز لە ئێران کەم بکاتەوە و بە شوێن سەرچاوەی تردا دەگەڕێت.

قەیرانی کارەبا، کە لە وەرزی زستاندا و بە پچڕانی پەیتا پەیتا خۆی دەنوێنێ، زیاتر لە جاران کابینەی کازمی خستووەتە ژێر گوشار بۆ ئەوەی بیر لە بەدیلێک بۆ گازی ئێران بکاتەوە.

بە پێی چەند ڕاپۆرتێکی میدیاکانی وڵاتانی عەرەب و لەوانە “کەنداو ئۆنلاین”، عێراق سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی هەندێ بژاردەی جیاوازە بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی گازی شلە و کەمکردنەوەی ئاستی بەستراوەیی خۆی بە گازی ئێران، چونکە بە هۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان ئێران ناتوانێ پارەی وزەی هەناردەی خۆی بە شێوەیەکی گونجاو وەر بگرێت.

سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا ڕێگای بە عێراق داوە درێژە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران بدات، بەڵام بەو حاڵەش عێراق بۆ پێدانی پارە و دانەوەی قەرزەکانی گرفتی هەیە و ئەوەش بووەتە هۆی هاتنە ئارای هەندێ گرژی و ناکۆکی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

بە پێێ ڕاپۆرتەکەی “خه‌لیج ئۆنلاین” لە ٢٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٠وە، ئێران گازی شلەی هەناردەی خۆی بۆ عێراقی بە بڕی ٤٠ لەسەد کەم کردووەتەوە و هۆکارەکەشی نەدانی پارە لە لایەن بەغداوە بوو، ئەوە لە حاڵێکدایە کە عێراق لە مانگی جوندا ڕایگەیاند ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بە ئێران داوە لە بەرانبەر کڕینی گاز و کارەبای ئەو وڵاتەدا. بەڵام ئێران دەڵێت، قەرزی عێراق لەو بوارەدا دەگاتە ٥ ملیار دۆلار.

کۆتاییهێنان بە بەستراوەیی ئابووری بە ئێران

حکومەتی کازمی لە عێراق بۆ دۆزینەوەی لایەنێکی تر بە مەبەستی دابینکردنی وزە پشتیوانی ئەو باڵە سیاسیانەی لەگەڵە کە دژایەتی دەستێوەردانی ئێران دەکەن لە وڵاتەکەیاندا.

جگە لەو گرووپە دژبەرانەی کۆماری ئیسلامی، کە بەستراوەیی ئابووریی بە ئێرانەوە لە زیانی سەربەخۆیی سیاسیی وڵاتەکەیان دەزانن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە پشتیوانی لە عێراق دەکات، حکومەتی کازمی هان دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە بەستراوەیی بە ئێرانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان، حکومەتی عێراق لێژنەیەکی بە مەبەستی دۆزینەوەی سەرچاوە جێگرەوەکانی گازی ئێران دیاری کردووە.

هۆکاری دابەزینی ڕێژەی گازی هەناردەی ئێران بۆ عێراق قەرزە یان پێویستیی ناوخۆیی؟

هەر سەبارەت بەو پرسە دەوترێت قەتەر زیاتر لە هەر لایەنێکی تر ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکای وزەی عێراق، بەڵام تا ئێستا تاقمێکی بە دەسەڵات لە حکومەتی عێراقدا هەن کە دژایەتی هاوکاریی ئەو دوو وڵاتە دەکەن.

دەوترێ عێراق لە ساڵی ٢٠١٦وە دەستی کردووە بە هەندێ گفتوگۆ بە مەبەستی کڕینی سووتەمەنی بەڵام هەوڵەکان نەگەیشتوونەتە بواری جێبەجێکردن. ئێستا بە سەرهەڵدانی قەیرانی وزە لە عێراقدا، ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەو جۆرە لە هەر کاتێکی تر زیاترە.

جگە لە گازی هاوردەی ئێرانی، عێراق بۆ دابینکردنی پێوداویستییەکانی وزەی ناوخۆ پێویستی بە کارەبای هاوردە هەیە. بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی “ئەلجەزیرە” حکومەتی کازمی دەیهەوێ لە سەدا ٨٠ی کارەبای پێویست لە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بکڕێ.

بە وتەی “ئەلجەزیرە” ئەنجومەنی هاریکاری” هاوبەشێکی ئابووری گونجاوتر و باشترە بۆ عێراق، چونکە ئەو وڵاتە دەتوانێ ببێتە شوێنێک بۆ هەناردەکردنی وزەی وڵاتانی کەنداو لە ڕێگای تورکیاوە بۆ ئەورووپا و لەو ڕووەوە سەرچاوەیەکی داهاتیش بێت بۆ عێراق.

سەرچاوە: دویچە ڤێله‌

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com