قه‌ته‌ر ناوبژیوانى ئێران و وڵاتانى كه‌نداو ده‌كات

0

نوچه‌نێت

وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند وڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە وڵاتانی عەرەبی کەنداو لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە ڕۆڵی نێوانگیر لەو بوارەدا بگێڕێت. هەروەها پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد.

ئەمڕۆ سێشەم ١٩ی كانوونى دووه‌م محەمەد بن عەبدۆلڕەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر داوای لە وڵاتانی عەرەبی هەرێمی کەنداو کرد لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکەن.
عەبدولڕەحمان ئالی سانی وتی: “قەتەر هیوادارە ئەوە ڕوو بدات و ئێمە لەو بڕوایەداین کە گفتوگۆکان پێویستن. ئەوە ئاواتی وڵاتانی تری ئەنجومەنی هاریکاری کەنداویشە.”

ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی قەتەر لە کاتێکدا دێت کە تەنیا یەک ڕۆژی ماوە بۆ ئەوەی بایدن لە کۆشکی سپی دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت. بایدن بەڵێنێ داوە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان زیندوو بکاتەوە و کۆتایی بە سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار” لە بەرامبەر ئێران بێنێت. عەرەبستانی سعودی و ئیمارات لایەنگری سیاسەتەکانی ترامپ بوون. بایدن گرووپێک دیپلۆماتکاری لە ئیدارەکەی خۆی هەڵبژاردووە کە لە سەردەمی ئوباما ڕۆڵیان هەبوو لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.

قەتەر لەو دوایانەدا کۆتایی بە گرژی و ناکۆکی لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی عەرەب هێنا. چوار وڵاتی عەرەبستانی سعودی، ئیماراتە یەکگرتووەکانی عەرەب، بەحرەین و میسر لە حوزه‌یرانى ساڵی ٢٠١٧وە پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند و وێرای گەمارۆدانی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتە، ١٣ مەرجیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دیاری کرد و کەمکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران، داخستنی کەناڵی ئەلجەزیرە و کۆتاییهێنان بە پشتیوانکردنی لە ئیخوان و مۆسلمین و حەماس هەندێ لەو مەرجانە بوون.

ئەندامانی ڕێکخراوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو (GCC) لە چل و یەکەمین خولی کۆبوونەوەی ئەو ڕێکخراوەیەدا بڕیارنامەی کۆتاییهێنان بە قەیرانی قەتەر و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ئیمزا کرد.

قەتەر کە لە بەرینترین هەرێمی هەناردەکەری نەوتی جیهاندا وەک هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا بە ئەژمار دێت، وێرای ئەوەی هەر جۆرە پشتیوانکردنێک لە تیرۆریزم ڕەت کردووەتەوە، درێژەی بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی داوە، چونکە لە ناوچەی کەنداودا مەیدانی گازی هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە.

ئەو پێگە جوگرافییە وای کردووە کە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی هەناردەکەری گازی جیهان بتوانێت ڕۆڵی نێوانگیر بگێڕێ چونکە گۆڕانکاری لە کۆشکی سپیدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری بەربڵاوتر لە ناوچەی کەنداوی فارسدا.

محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وتی دەوڵەتی قەتەر ئەو پێشنیارەی داوە و لە ئێستادا پشتیوانی لە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و کوریای باشوور دەکات سەبارەت بە ئازادکردنی ئەو نەوت هەڵگەرەی کوریا کە سوپای پاسدارانی ئێران دەستی بەسەردا گرتووە و کوریای باشوور خوازی یارمەتی قەتەرە لەو بوارەدا.

جێگای ئاماژەیە لە ڕۆژی چواری جانیوەرەوە تا ئێستا سوپای پاسداران دەستی بە سەر نەوت هەڵگرێکی کوریای باشوور داگرتووە. چوارشەمی ڕابردوو دوو لیژنەی دیپلۆماتکاری کوریای باشوور بە مەبەستی ئازادکردنی ئەو نەوت هەڵگرە و هەروەها قسە کردن سەبارەت بەو پارانەی ئێران کە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لە بانکەکانی کوریا ڕاگیراون سەفەریان کرد بۆ تاران، بەڵام بە بێ هیچ دەستکەوتێک گەڕانەوە.

وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی: “ئەگەر لایەنەکانی گفتوگۆ داوا بکەن، قەتەر ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکان دەکات و پشتیوانی لە هەر لایەنێکی تریش دەکات کە بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژێردرێت”.

عەبدوڕەحمان ئالی سانی سەبارەت بە ئەگەری گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕایگەیاند: “ئێمە خوازیاری سەرکەوتنی ئەو گفتوگۆیانەین و خوازیاری گەیشتن بە ڕێککەوتنین. لە هەر شوێنێک بێت و هەر لایەنێک دەستپێشخەری ئەو گفتوگۆیانە بێت، ئێمە پشتیوانی دەکەین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com