ئێران چۆن دەستی لە ئابووریی ناوخۆیی عێراق وەشاند؟

0

نوچه‌نێت

لە ئایاری ٢٠١٨ دا و دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە، ئابووریی ئێران ئەوەندەی نەما تەواو دابڕمێت. ئەوە بوو دراوی نیشتیمانی زیاتر لە نیوەی بەهای خۆی لەدەست دا لە بەرامبەر دۆلار، ڕێژەی داڕوخان و هەڵاوسان زیادیکرد، توانای کڕیاریی هاووڵاتی ئێرانی بۆ نزمترین ئاست دابەزی، بە تایبەت دوای ئەوەی سزاکانی ئه‌مریکا گەیشتنە ئەوەی ڕێگە لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بگرن کە ئێران بەشێوەیەکی بنەڕەتی پشتی پێدەبەستێت بۆ بودجەی حکومەت.

بەڵام سەرەڕای ئەم لێکەوتانە لەسەر ئابووریی ئێران، ساڵی ڕابردوو بەهای هەناردەی ئێرانی بۆ عێراق گەیشتووەتە نۆ ملیار دۆلار، وا دیارە حکومەتی ئێران سڵ لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی ناکاتەوە بێ گوێدانە لێکەوتەی ئامانجەکانی لەسەر گەلانی دیکە. ئەم ڕاپۆرتە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی چۆن کەلوپەلی ئێرانی بوونەتە هۆی نوقمکردنی بەرهەمی ناوخۆیی عێراقی.

عێراق…دووەم ڕووگەی هەناردە نانەوتییەکانی ئێران

عێراق جاران و ئێستاش بەو گرنگییەی هەیەتی وەکوو وڵاتێکی دراوسێی ئێران لە لایە ڕۆژئاوایەوە، ڕۆڵێکی کارا دەبینێ لە بەهای هەناردەی نانەوتیی ئێرانیدا، به‌ تایبەتی دوای ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنران، ئەوە بوو لە ٢٠١٩ دا عێراق بووە دووەمین ڕووگە بۆ هەناردەی نانەوتیی ئێران. بەهای هەناردەی گشتیی ئێران لە ساڵی رابردوودا لەگەڵ هەژماردکردنی هەناردەی خزمەتە تەکنیکی و ئەندازیاری و گەشتیاری و کارەبا و غاز بە دەوروبەری ١٣ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێ و هەریەکە لە عێراق و ئێران خوازیارن بۆ ساڵی ٢٠٢١ بگاتە بەهای ٢٠ ملیار دۆلار.

ئامارە ئابوورییەکان دەریانخستووە لە 10 ساڵی رابردوودا هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ عێراق بەردەوام ڕوو لە زیادی بووە، بۆ نموونە هەناردەی نانەوتیی ئێران لە ٢٠١٨ دا بە بەهای ٧.٢ ملیار دۆلار بووە، ساڵی ٢٠١٩ گەیشتووەتە نزیکەی نۆ ملیار دۆلار، هەروەها هەناردەی ئێرانی بۆ عێراق لە ٢٠٠٨ دا ڕێژەی ١٥%ی کۆی هەموو هەناردەی ئێرانی پێکهێناوە، ساڵی رابردوو ئەو ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٢%.

فرەجۆریی پێداویستییەکانی عێراقییەکان بۆ کەلوپەلی جیاجیا، جێگەی گرنگیپێدانی هەناردەکارانی ئێرانی بووە، ئەوەتا زۆر لەو کەلوپەلانەی ئێستا هەناردەی عێراق دەکرێن، بەروبومی خواردەمەنین وەکوو دۆشاوی تەماتە، شیرینی، جوکلێت، فستق، شیرەمەنی، بەرهەمی کشتوکاڵی، بەروبومی ئاژەڵی، بەروبومی دەریایی، بەرهەمی پلاستیکی، بەرهەمەکانی ئاسن و بیناسازی، و هەروەها بەرهەمە تەندروستییەکان.

عێراق بەشیوەیکی فراوان پشت بە هاوردە دەبەستێت، بە تایبەت لەگەڵ قووڵبوونەوەی ئەو قەیرانە ئابوورییەی عێراقی تێدا دەژی و تایبەتتر دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا. ئەوە بوو جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە وتەیەکدا لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییش نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی ئابووری عێراق بە رادەی ١٠% پاشەکشەی کردووە لە ٢٠٢٠ دا، هەروەک ئاماژەیکرد بە چەندین قەیرانی جۆراوجۆر کرد کە دەبنە بەربەست لەبەردەم کاری حکومەت، قەیرانەکانیش بریتین لە قەیرانی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و تەندروستی.

بازاڕەکانی عێراق بە بەرووبوومی ئێرانی نقوم بوون و بازرگانی عێراقیش بێنازە تێدا!

جوتیار و کشتیاران لە باکووری عێراق پاشەکشە و لەدەستدانی بازرگانییەکانیان دەگێڕنەوە بۆ پابەندنەبوونی دەروازییە سنوورییەکانی کوردستان بە بڕیارەکانی حکومەتی عیڕاق لەبارەی قەدەغەکردنی هاوردەی شتومەک لە ئێرانەوە، هەروەها کۆنترۆڵنەکردنی پرۆسەکانی قاچاخچێتی لەسەر سنووری وشکانی عێراق ئێران کە درێژاییەکەی ١٣٠٠كیلۆمەترە، لە دیالەوە لە ڕۆژهەڵاتەوه‌ بە باکووردا بە هەرێمی کوردستاندا و بەرەو باشوور تا دەگاتە بەسرە.

بەروبوومی خواردەمەنی و پیشەسازیی ئێرانی بەشیوەیەکی بەرچاو بازاڕی عێراقییان داگیرکردووە، ئێران لە ٢٠٠٣ دا بە بەهیزی دابەزییە ناو بازاڕی عێراقی و کاری لەسەر هەناردەکردنی هەموو بەرهەمەنای کرد بۆ ئەو بازاڕە، بە تایبەت کە بەرهەمی ئێرانی هەرزانترە لەو بەرهەمانەی دیکە کە دێنە ناو بازاڕی عێراق.

سەرەڕای ئەوەی عێراق هاوردەی ٢٢ بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی لە ئێرانەوە قەدەغەکردووە لەوانە سەوزە، میوە، مریشک، ماسی و هەنگوین، کەچی بە وتەی حەمید حسێنی ئەندامی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێرانی عێراقی، ئەو بەرهەمانە لە سنوورە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان دێنە ناوەوە، چونکە ئەو بڕیارە لەوێ کاری پێ ناکرێ و پشکی هەناردەی ئەو بەرهەمانە گەیشتووەتە ٢٢% لە بازاڕەکانی عێراقدا.

یاسین ئەحمەد بەرپرسی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی لە پارێزگای سلێمانی تایبەت بە “ساسە پۆست” دەڵێت کە ئێران “کاری کردووە لەسەر پڕکردنی بازارەکان با ماسیی ئێرانی بە ڕیگەی نایاسایی سەرەڕای بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی ماسی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەوەش کاری لە بەرهەمهێنانی ماسیی ناوخۆیی کردووە و بووەتەهۆی زیانێکی گەورە بە خاوەنی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ماسی”.

هەرچی خاوەن ئاژەڵەکانی کوردستانن، ئەوە هۆشداری دەدەن لە هەرەسهێنانی کەرتی بەخێوکردنی ئاژەڵ بەهۆی بە قاچاخی هاوردەکردنی ئاژەڵی ئێرانی بەهۆی هەرزانیی نرخەکەیەوە. ئەوەتە بەختیار ساڵح کە ٢١ ساڵە لە بازاڕی ئاژەڵفرۆشان کاردەکات دەڵێت “ئاژەڵ لە ئێران و سوریاوە هیندستانەوە دەهێنرێن بەهۆی نزمیی نرخی دراوی ئەو ولاتانە، بۆیە ئاژەڵی خۆمانە بازاڕیان نییە بەهۆی ئەوانەوە، بۆ نموونە مەڕ بە قاچاخی دەهێنرێ و کیلۆی بە چوار هەزار دیناری عێراقی دەفرۆشری و یەک کیلۆ گۆشتی سافی بە هەشت هەزار دەگاتە دەستی گۆشتفرۆش، ئێ گۆشتفرۆشیش بەدوای گۆشتی هەرزانەوەیە، لە ئەنجامدا بازاڕی ئاژەڵی خۆماڵی لە سفر نزیکدەبیتەوە و جوتیاران ناچاردەکات واز لە بەخێوکردنی ئاژەڵ بهێنن”.

بێسەروبەریی سنوورەکان رێگا بۆ ئێران خۆش دەکات

هەناردەی ئێرانی لەماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕیژەی ٧% زیادیکردوە وەکوو ئەوەی فەرزاد بیلتان بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی “برەودان بە بازرگانیی ئێران لە وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی” بە ئاژانسی “ئیرنا”ی ئێرانی راگەیاندووە، تەنیا لە عێراق هەناردەی ئێرانی لە نۆ مانیگی رابردوو لە مانگی ئادار تاوەکوو دیسەمبەری ٢٠٢٠ گەیشتووەتە نزیکەی ٥.٩ ملیار دۆلار. ئێران پشت بە ڕیگەی قاچاخیش دەبەستێت بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی و خۆدزینەوە لە بڕیاری حکومەتی عێراق.

ئێران نکووڵی لەوە دەکات کە ٢٣.٦%ی بازاڕی هاوردەی عێراق هی ئێرانە، هەروەها نکوڵی لەوە دەکات کە عێراق دوای چین بازاڕگەی سەرەکیی هەناردەی ئێرانییە، تەنانەت هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە هەندێک مانگی ٢٠٢٠ دا زیاتر بووە لەوەی بۆ چین هەناردەی دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی عێراق ناو بە ناو تووشی زه‌برێكى ئازاربەخش دەبن، بەهۆی زیادبوونی پرۆسەکانی قاچاخیی کەلوپەل لە سنووری ئێرانەوە، لەناو ئەم کەلوپەلە قاچاخییانەدا، ماددەی خۆراکی، دەرمانی، قوماش و ئامێری کارەبایی هەن.

بەپێی وتەی یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی ئابووریی کوردستان بۆ “ساسە پۆست”، سلێمانی و دیالە و بەسرە زۆرترین پرۆسەی قاچاخچێتییان لەگەڵ ئێران تێدا ئەنجامدەدرێت لەسەر ئاستی عێراقدا، بەهۆی ناوچەیەکی فراوانی کراوە لەنێوان هەردوو ولاتدا لەو پارێزگایانە، هەروەها سنوورە چیاییەکان کە کۆنترۆڵکردنیان سەختە، هەروەک چۆن عەلی یاسری ئەندامی ژووری بازرگانیی بەغداد لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی”عەرەبی جەدید” وتوویەتی عێراق مانگانە ١٠ ملیار دۆلار زیانی لێدەکەوێت بەهۆی پرۆسەی قاچاخیی ئێرانییەوە و لەو نێوانەدا دەوڵەت و بازرگانان و هاووڵاتییان زیانیان لێدەکەوێت.

پرۆسەی قاچاخییەکەش بەپێی کەسەکان و شتەکان دەگۆڕێت. وەکوو کۆمپانیای توێژینەوە بازرگانییەکان (Navanti) دەڵێت ڕێگای یەکەم لە رێگەی کۆڵبەرییەوەیە. کە تێیدا کەسی کۆڵبەر بارێک هەڵدەگرێت بە پشت کە کێشی بارەکە ڕەنگە بگاتە ٧٥ کیلۆگرام و بە زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس کەلوپەل دەگوێزنەوە لەنێوان هەرێمی کوردستان یان ناوچە کوردنشیەکانی تورکیا بەرەو ئێران.

ڕێگەی دووەم لە ڕێگەی بازرگانە ئێرانییەکانەوەیە و لە ڕێگەی دەروازە سنوورییە فەرمییەکانەوەیە کە میلیشیا بەسەریاندا زاڵە. میلیشیاکان ئاسانکاریی گواستنەوەی کەلوپەل بۆ بازرگانە ئێرانیەکان دەکەن تا لە سەرانەی حکومەتی عێراق ڕزگاریان ببێت، وەکو ئەوەی ماڵپەڕی مۆنیتەر باسیکردووە، وەکو لە دەروازە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەرانی پارێزگای هەولێر و دەروزەکانی پەروێزخان و باشماخ لە پاریزگای سلێمانی.

لە ئەیلوولی ٢٠٢٠ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە باندێکی قاچاخچییەتییان ئاشکراکردووە کە بایی سەدان ملیۆن دۆلار کەلوپەلیان لە ئێرانەوە هێناوەتە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوە و زیانیان لە دارایی گشتی داوە.

بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراقەوە ئەم بابەتە بە جدی وەرنەگیراوە، هەرچەندە لە ئابی ٢٠١٦ هۆشداری درا و دان بەوەدا نرا کە کەلوپەلی ئێرانی زیانێکی زۆریان لە کەلوپەلی بەرهەمهێنراوی عێراقی داوە و پاشەکشەی زۆریان پێکردووە. ئەوە بوو نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی “ڕەسیف٢٢”ی راگەیاند کە کەلوپەلی بەرهەمهێنراوی عێراق تەنیا ٦%ی کەلوپەلی بازاڕی عێراق پێکدەهێنێت. نەجیبە نەجیب وتبووی نەبوونی چاودێری لەسەر سنوور و سەرقاڵبوونی دەوڵەت بە دۆخی ئاساییش بووەتە هەلێک بۆ بازرگانانی ئێران تا بە فراوانی پێی خۆیان لە بازاڕی عێراقدا جێگیربکەن.

خاکی عێراق ڕێگای پڕ دڵنیایی ئێرانە بۆ گواستنەوەی پارەی قاچاخ و دراوی بیانی

یەکەم سزای ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا لە نۆڤەمبەری ١٩٧٩ دا بوو، لە ساڵانی دواتردا چەندین سزای تری بەدوادا هات، دواهەمیانیان ئەوە بوو لە لە ئەیلوولی ٢٠٢٠ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تاکلایەنە ڕایگەیاند کە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە لەسەر ئێران جێبەجێ دەبن و هۆشداریدا لە لێکەوتەکانی پابەند نەبوون پێوەی.

ئێران هەوڵی هەڵاتنی دا لە ئاسەوارەکانی ئەو سزایانە، لە ڕێگای هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتی کە ٨٢%ی کۆی داهاتی هەناردەی ئێران پێکدەهێنن، ئەوه‌ش لە رێگای هاوبەشەکانیەوە، وەکوو چین کە لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٢١%ی هەناردەی ئێرانی وەرگرتووە، هەروەها هیندستان کە بە بەهای ٣.٢ ملیار دۆلار هەناردەی ئێرانی وەرگرتووە، هەروەها تورکیا کە بایی سێ ملیار دۆلاری لە ئێران وەرگرتووە، هەروەها کۆریای باشوور بە بەهای ٢.١ ملیار دۆلار و ژاپۆن ١.٢ ملیار دۆلار.

ئێران دۆخی ناسکی عێراق و ئاڵۆزییە سیاسییە ناوخۆیەکانی عێراقی قۆزتووه‌ته‌وه‌، خاکی عێراقی کردبووە دەروازەیەک بۆ قاچاخیکردن و گواستنه‌وەی دراوی بیانی، ئەویش بە سوود وەرگرتن لە مامەڵە زیادکردنەکانی بانکی ناوندیی عێراق و رۆژانە ٣٥٠-٦٠٠ ملیۆن دۆلاری لەو مامەڵانەدا لە عێراق دەردەکێشا.

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە دەرگای قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر عێراقەوە دەستی بەو کارە کرد کە لە ئەنجامی فرۆشتنی کارەبا و غاز کەوتبوونە سەر عێراق، و کردنیە تێچووی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ ئێران، دیارە ئەو ڤاکسینە تەنیا بە دراوی بیانی دەکڕدرێت، بەو ڕێگەیەش توانی بە سامانی خۆی ڤاکسینەکە بکڕێت لە فرۆشی غازی سرووشتی بە عێراق کە ئەمریکا لێخۆشبوونێکی تایبەتی بۆعێراق دیاریکردبوو لە سزاکانی سەر ئێران و ئیڕانیش ئه‌مە بە دەروازەیەکی بێوەی دەبینێت، چونکە بەهۆی سزاکانەوە ناتوانێت دراوی خۆی بگۆڕێتەوە بە دراوی بیانی، چونکە ئەمریکا سزای لەسەر بانکە ئێرانییەکان داناوە و ناتوانن ئەو کارە بکەن.

سەرقاڵی عێراق بە ناوخۆیەوە و تێوەگلانی ئێران لە عێراقدا بەهۆی باڵەکانی سەربە ئێرانەوە بووەتە هۆی شکستپێهێنانی بازاڕی کاری عێراق، وەکو ئەندامێکی ژووری بازرگانیی سلێمانی بۆ “ساسە پۆست”ی ڕووندەکاتەوە کە “زیاتر لە شەش هەزار کارگە و کارخانە لە کارکەوتوون بەهۆی کەلوپەلی هەرزانی ئێرانییەوە کە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە دێنه‌ ناوەوە، حەوت هەزار کارگە و کارخانەی دیکەش خەریکە مایەپووچ دەبن بە هەمان هۆ” ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ کارانەکردنی یاسای پاراستنی بەرهەمی نیشتیمانی و ڕێگانەگرتن لەوەی قازانجی دراوە بیانییەکان بۆ ئێران بچن.

سه‌رچاوه‌ :ساسه‌ پۆست

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com