ئیسرائیل هۆشداریى به‌ بایدن ده‌دات

0

نوچه‌نێت

ئەندامێکی کنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) هەڕەشەی ئەوە دەکات کە لە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ناو دەبات.

تساحى هانگبی کە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ نتانیاهۆ هەیە، بڕوای وایە کە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، دەبێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل لە بەرامبەر هەڕەشەی ئێراندا بە تەنیا بمێنێتەوە و لەو حاڵەتەدا تەلئەبیب چارەیەکی نییە جگە لەوەی ڕاستەوخۆ لە دژی تاران هەڵوێست بنوێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی میدل ئیست مانیتۆر، یەکێک لە وەزیرەکانی کابینەی ئیسرائیل هۆشداری داوە کە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەردەمی سەرۆکایەتی بایدن بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل ناچار دەبێ خۆی لە دژی پلانی ئەتۆمی ئێران هەڵوێست بگرێ.

” تساحى هانگبی”، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئیسرائیل و ئەندامی حیزبی لیکۆد کە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ نتانیاهۆ هەیە وتوویەتی: “ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەو جۆرەی کە پێدەچێ بگەڕێتوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دەرئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە ئیسرائیل هەمدیسان لە بەرامبەر ئێراندا تەنیا دەمێنێتەوە”.

بە وتەی هانگبی، ئیسرائیل پێی وایە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، مانای ئەوەیە کە ” لە لایەن وڵاتانی جیهان و ئەمریکاوە چرا بۆ ئێران هەڵ دەکرێ کە درێژە بە پلانەکانی خۆی بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆمی بدات”. هاگبی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیسرائیل بە هیچ جۆرێ ڕێگا بە ئێران نادات پلانە ئەتۆمییەکەی جێبەجێ بکات.

ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە دەڵێت ” ئێمە تا ئێستا دوو جار ئەوەی پێویست بووە ئەنجاممان داوە، لە ساڵی ١٩٨١دا لە دژی پلانی ئەتۆمی عێراق و لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە دژی پلانی ئەتۆمی سوریا”. جێگای ئاماژەیە ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨١ و ٢٠٠٧دا، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی عێراق و سوریای لە ڕێگای هێرشی ئاسمانییەوە لە ناو برد.

لێدوانەکەی ئەو ئەندامەی حیزبی لیکۆد لە حاڵێکدایە کە جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی بەڕێوەچوونی کەمپەینی هەڵبژاردنەکان، ئاماژەی بە پلانێکی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی کردووە.

پێشتر چەند جارێک باسی ئەوە کرا کە گوایە دۆناڵد ترەمپ پلانێکی ئامادە کردووە بە مەبەستی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە چەند حەفتەی کۆتایی سەرۆک کۆماریەکەیدا. هانگبی لەو پەیوەندییەدا وتویەتی ” هەڵسەنگاندنی ئیسرائیل ئەوەیە کە هیچ ڕووداوێکی لەو جۆرە لە حەفتەی کۆتاییدا ڕوو نادات”.

بە وتەی هانگبی، نابێ ئیداری بایدن هەڵەکەی ئوباما سەبارەت بە ئێران دووبارە بکاتەوە، چونکە ئەو سیاسەتە تەنیا بووە هۆی چڕ بوونەوەی سیاسەتە پەلاماردەرەکانی ئێران چونکە ئێران پێی وابوو هۆکاری ئەو سیاسەتەی ئۆباما دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی ئەمریکا.

هۆشدارەکەی هانگبی سەبارەت بە توانای ئیسرائیل بۆ لە ناو بردنی پلانە ئەتۆمییەکانی ئێران لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا هەواڵی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ئێران لە سوریا بڵاو بووەتەوە.

ئەو ئەندامەی حیزبی لیکۆد بە بێ ئەوەی ڕەت یان پشتڕاستی بکاتەوە کە ئیسرائیل لەو هێرشانەدا دەستی هەبووە، وتی “ئێرانییەکان خوازیاری ئەوەن بەشار ئەسەد ڕێگایان پێ بدات هەر جۆڕێک ویستیان لەو وڵاتەدا سیاسەت بکەن بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بکەنە مۆدیلێک وەک حزبوڵا، هەموو ئەوانە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی کە ئێمە لە دژی پلانە ئەتۆمییەکەی هەڵوێست بگرین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com