نوچه‌نێت
تویته‌ر و فه‌یسبووك به ده‌یان ئه‌كاونت و لاپه‌ڕه‌ى سه‌ربه میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبیان سڕیوه‌ته‌وه و حكوومه‌تى عێراقیش به فه‌رمى داوا له‌م دوو ده‌زگایه ده‌كات له سزادانى حه‌شد پاشگه‌ز ببێته‌وه.
ئه‌مڕۆ میدیا عه‌ره‌بییه‌كان دوو نووسراوى كۆمسیۆنى راگه‌یاندن و گه‌یاندنى عێراقیان بلاًوكردووه‌ته‌وه كه رۆژى هه‌ینى رابردوو ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هه‌ر دوو كۆمپانیاى تویته‌ر و فه‌یسبووك كراوه.
له نووسراوه‌كه كۆمسیۆنه‌كه داوا له‌م دوو كۆمپانیا ده‌كات، چیتر سزاى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى نه‌ده‌ن و ئه‌كاونت و په‌یجه‌كانیان دانه‌خه‌ن.
نووسراوه‌كان حه‌شدى شه‌عبى وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى فه‌رمى ده‌ناسێنن و ده‌ڵێ مافى راده‌ربڕینى هه‌یه.
چه‌ند رۆژێكه فه‌یسبووك و تویته‌ر ده‌یان ئه‌كاونتی سه‌ربه میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبیان سڕیوه‌ته‌وه، چونكه وێنه‌ى توندوتیژى و شه‌ڕ په‌خش ده‌كه‌ن.
جیا له‌مه‌یش وێنه‌كانى هه‌ر یه‌كه له ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس و قاسم سوله‌یمانى و حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵا و قه‌یس خه‌زعه‌لییان بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه ئه‌مانه له‌لایه‌ن ئه‌م دوو تۆڕه قه‌ده‌غه‌كراون.