ئێران و نۆ وڵاتى تر له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سڕ ده‌كرێن

0

نوچه‌نێت
ئه‌نتۆنیۆ گوتریش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئێستای کۆمه‌ڵه‌ى گشتى ئەو ڕێکخراوەیە، داوای کردووە کۆماری ئیسلامی ئێران و ٩ وڵاتی تر بە هۆی بەرزبوونەوەی قەرزەکانیان و نەدانی پارەی ئەندامیەتی ساڵانە مافی دەنگدانیان سڕ بکرێت.


لەو نامەیەدا کە ئیمزای گوتریشی لەسەرە، جگە ناوی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژە بە ناوی وڵاتانی کۆمۆر، لیبیا، کۆماری ئەفریقای ناوەندیی، سۆماڵ، باشووری سودان، سائۆتۆمە، نەیجیریا، کۆنگۆ و زیمبابۆی کراوە وەک وڵاتانی قەرزداری نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام هاوکات داوا لە سەرۆکی كۆمه‌ڵه‌ى گشتیی کراوە ڕێگایان پێ بدرێ تەنیا بۆ یەک خولی داهاتوو دەنگ بدەن.
کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە هەموو وڵاتان قەرزداری نەتەوە یەکگرتووەکانە و دەبێ لانیکەم ١٦ ملیۆن و ٢٥١ هەزار و ٢٩٨ دۆلار بەو ڕێکخراوەیە بدات بۆ ئەوەی بتوانێت مافی دەنگدانی خۆی وەربگرێتەوە. نەیجیریا کە لە نێو ئەو وڵاتانەدا کەمترین قەرزی لە لایە دەبێ کەمتر لە ٧ هەزار دۆلار بۆ وەرگرتنەوەی مافی دەنگدانی خۆی بدات.


بێبەشبوونی دەوڵەتەکان لە مافی دەنگدان لە کۆمه‌ڵه‌ى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، واتای ئەوەیە کە ئەو ئەندامانە زیاتر لە دوو ساڵە مافی ئەندامیەتی خۆیان نەداوە یان ڕێژەی قەرزەکانی تریان هاوسەنگە لەگەڵ دوو ساڵ مافی ئەندامیەتییان. ئەگەر دەوڵەتێک بە پاساوێکی گونجاو دوو ساڵی یەک لە دوای یەک پارەی ئەندامیەتی خۆی نەدابێ یان قەرزەکانی بەرابەر بێت لەگەڵ پارەی دوو ساڵ مافی ئەندامییەتی، بە بڕیاری سەرۆکی ئەو خولەی کۆمه‌ڵه‌ى گشتى لە مافی دەنگدان بێبەش دەکرێت.


ئەگەر وڵاتان قەرزەکانیان بدەنەوە، بە پێی مادەی ١٩ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی دەندانیان بۆ دەگەڕێتەوە. بە پێی ئەو مادەیە “هەر یەک لە ئەندامانی قەرزداری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر ئەگەر ئەو بڕە پارەیە کە قەرزدارن بەرابەر یان زیاتر لە بڕی پارەی دوو ساڵی پێشوو بێت، ئەوا لە كۆمه‌ڵه‌ى گشتیدا مافی دەنگدانی نییە. سەرەڕای ئەوە ئەگەر کۆڕی گشتیی بۆی ڕوون بێت کە هۆکاری نەدانی پارەی ئەندامیەتی بە هۆی هەلومەرجێکی تایبەتە و لە دەسەڵاتی ئەو ئەندامەدا نییە، سەرۆکایەتی ئەو کۆڕە دەتوانێ ڕێگا بەو ئەندامە بدات لە دەنگدان بەشداری بکات”.


بەڵام ئەو مەرجە قەرزەکەی کۆماری ئیسلامی ناگرێتەوە و لە ئێستادا ئێران کە خۆی یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە لە پێکهێنانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشدار بوو، مافی دەنگدانی لەو ڕێکخراوەیەدا نییە.


بارودۆخی ئێستای ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە تەواوەتی پێچەوانەی پێگەی بەرجەستەی ئەو وڵاتەیە پێش شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩ کە وەک دەوڵەتێکی بەرپرسیار هەم ڕۆڵێکی گرنگی لە پێکهێنانی ئەو ڕێکخراوەیەدا گێڕا و هەم ماوەیەکیش ئەکتەرێکی داهێنەر بوو لە بەڕێوەبردنی کاروباری ئەو ڕێکخراوەیەدا.


ئێران لە سەرەتاکانی دامەزراندنی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکایەتی کۆمه‌ڵه‌ى گشتیی لە ئەستۆ بوو. هەروەها لە بۆ ماوەی دوو ساڵ کە لە مانگی جانیوەری ١٩٥٥وە دەستی پێکرد ئەندامی کاتیی ئەنجومەنی ئاسایش بووە.


ئەندامبوونی ئێران لەو ئەنجومەنەدا لە قۆناغێکدا بوو کە ئەو ئەنجومەنە کە ئێستا ١٥ ئەندامی هەیە، هێشتا ١٠ ئەندامی هەبوو و پێشبڕکێیەکی چڕ لە نێوان وڵاتاندا بە مەبەستی بەدەستەوەگرتنی ئەو کورسییە لە ئارادا بوو. بەو حاڵەش ئێران توانی بۆ ماوەی دوو ساڵ ببێتە خاوەن ئەو کورسییە و تەنانەت بۆ خولێک بووە سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش.


لە حاڵێکدا زیاتر لە حەفتا و پێنج ساڵ لە دامەزراندنی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەپەڕێت ئێران جگە لەو یەک جارە ئیتر نەبووەتە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش. هۆکارەکەی ئەوەیە وڵاتانی تر پێشوازی لە کاندیدبوونی کۆماری ئیسلامی ناکەن و کاتێ کۆماری ئیسلامی بۆ وەرگرتنی پۆستێک خۆی کاندید دەکات، وڵاتانی تر دەنگ بە ڕکابەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەدەن.


هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمه‌ڵه‌ی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێی دوو پێوەرە: یەکەم ڕێژەی بەشداریکردنی وڵاتان لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دووەم دابەشبوونی جوگرافیی. ئێران لەو سەردەمەدا کە “نەسروڵا ئینتیزام” نوێنەری ئێران لە نیویورک بوو بۆ یەک جار سەرۆکایەتی خولی پێنجەمی کۆڕی گشتیی لە ئەستۆ بوو بەڵام لەو کاتەوە کۆماری ئیسلامی هاتووەتە سەر دەسەڵات ئەو ئەزموونەی دووپات نەکردووەتەوە.


ئێستا ئێران لە پاڵ وڵاتانێکی وەک سۆمالیا و لیبیا کە ڕووبەڕووی زیاترین ڕێژەی تێکچوون و ناسەقامگیری بوونەتەوە مافی دەنگدانی لە کۆمه‌ڵه‌ى گشتییدا لە دەست داوە، تا ئەو کاتەی قەرزەکانی بداتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com