نوچهنێت
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند ئێران پەرە بە تواناکانی خۆی دەدا بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و داوای لە ئێران و واشنتۆن کرد خێرا بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥.
جان ئێف لۆدریان لە دیمانەیەک لەگەڵ “ژۆرنال دومانش” ڕایگەیاند سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”ی دوناڵد ترەمپ لە دژی ئێران تەنیا بووە هۆی پەرەسەندنی هەڕەشە و مەترسییەکان.
لێدوانەکەی جان ئێڤ لۆدریان پاش ئەوەی دێت کە ئێران لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕایگەیاند دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی یورانیۆمی ٢٠٪ی لە بنکەی فۆردۆ.
پاش چوونە دەرەوی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥، ئێران بە کەمکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی بەڵێنەکانی خۆی، ڕێژەی پیتاندنی یورانیۆمی بەرز کردەوە.
ئامانجی سەرەکی ڕێککەوتنی ئەتۆمی درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە بوو کە ئێران بۆ درووستکردنی بۆمبی ناوەکی پێویستییە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی ڕۆژی ١٣ كانوونى دووهم پشتڕاستی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی چالاکییەکانی خۆی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم دەست پێ کردووەتەوە.