نوچهنێت
دەوڵەت باخچەلی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن هاوپەیمانی حزبە نەتەوەپەرستەکەی ئەو لەگەڵ ئاکەپە بەرەو کۆتاییە و دەڵێت ئەو هاوپەیمانێتییە بۆ نەوەی ئیستا و نەوەی لەدایکنەبووی تورکە، دەشڵیت هاوپەیمانێتییەکە بەردەوامدەبێت باجەکەی هەرچی بێت.
ماوەی پێشوو باخچەلی و پارتەکەی زیاتر دەنگیان هەڵبڕی بە ئاراستەی داخستنی حزبە کوردییەکە و وتیان ئەگەر داواکاری گشتی ئەوکارە نەکات، ئەوا پەنا دەبەن بۆ یاسای حزبەکان و سەرەنجام دەبێت هەدەپە دابخرێت.
باخچەلی وتبووی “نابێ هیچ نەرمییەک بنوێنرێت لە بەرامبەر حزبێک کە خۆی گرێدەدات بە جوداخوازیی ئیتنیکی و تیرۆریزمەوە. جەنگ لەدژی ئەم مێش و مەگەزە ژەهراوییانە خزمەتێکی گەورەیە بە شکۆی نەتەوەییمان”.
ئەم بانگەوازانەی مەهەپە وەکو فشارێک لەسەر ئەردۆغان و ئاکەپە دانران و دەوترا ئەمە دەکریتە مەرجی مەهەپە بۆ مانەوەی هاوپەیمانێتی ئەو حیزبە لەگەڵ حزبی ئاکەپەی فەرمانڕەوا.
هەروەک ڕۆژانی رابردوو لە سەروبەندی ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنەکان، ئەردۆگان لەگەڵ هەندێک حزبی بچووکی ئیسلامی و نەتەپەرست کۆبووەوە و ئەمەش دیسان وەکو ئاماژەیەکی کاڵبوونەوەی هاوپەیمانێتی ئاکەپە و مەهەپە لێکدرایەوە.
باخچەلی جگە لە جەختکردنەوە لە مانەوەی هاوپەیمانێتی حزبەکەی و ئاکەپە، دەڵێ ئەم سەردان و کۆبوونەوانەی ئەردۆغان بۆ فراوانکردنی ئەو هاوپەیمانێتییەیە کە مەهەپە و ئاکەپەی کۆکردووەتەوە.