لوموند: خەڵک و کۆمەڵگەی پزیشکی ئێران لە بڕیارەکەی خامنەیی تووڕه‌ن

0

نوچه‌نێت

لوموند رۆژنامەی پاریس لە راپۆرتێکی ورددا نووسیویەتی کە بڕیاری تاکلایەنەی عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە قەدەغەی هاوردەکردنی ڤاکسینی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا هەم خەڵک و هەم کۆمەڵگەی پزیشکیی ئەو وڵاتەی تووڕە کردووە.

لوموند نووسیویەتی: هەرچەندە رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە ڤاکسینەکانی ئەمریکا و ئینگلیزى کەرەستەی شەڕی بایۆلۆژین و تەندروستی خەڵکی ئێران دەخەنە مەترسییەوە و بەو بیانووەوە هاوردەکردنی ئەو ڤاکسینانه‌ی قەدەغە کردووە، بەڵام هاوکات بەوە رازی بووە کە ڤاکسینە پەسەندنەکراوەکانی وڵاتانی کوبا و رووسیا و چین لەسەر خەڵکی ئێران تاقی بکرێنەوە و بەو جۆرە گیانی خەڵک زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە.

ژمارەی بەرفراوانی تووشبوانی کۆرۆنا لە ئێران ئەو هەلەی بۆ کوبا رەخساندووە ڤاکسینەکەی بە شێوەیەکی باشتر تاقی بکاتەوە، وێرای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی هەندێ ڕێککەوتننامەی جیاوازیشی سەبارەت بە تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکانی چین و رووسیا ئیمزا کردووە.

لوموند دەنووسێت: ئێران بۆ گەیشتن بە ڤاکسین دەبێ رێگایەکی دوور و درێژ بپێوێت. پزیشکێکی ئێرانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ لوموند رایگەیاندووە کە حەوت تا هەشت مانگ کات پێویستە و توانای بەرهەمهێنانی ڤاکسین لە ئێراندا زۆر سنووردارە. بە وتەی ئەو پزیشکە، ئێران تەنانەت توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە دوو دۆز ڤاکسینی بۆ جەماوەری ٨١ ملیۆنی نییە.

هەر ئەو پزیشکە ئەوەشی وتووە کە زۆرێک لە هاوکارەکانی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون وتوویانە کە ئاستی تێگەیشتنی رابەری ئێران لەو ڤایرۆسە جێگای داخە. وتیشی: “هیچ هیوایەک نییە. بەیانی لە خەو هەڵدەستین و دەبینین وڵاتانی تر بە شێوەی بەربڵاو ڤاکسیناسیۆنیان دەست پێ کردووە و ئاواتەخوازین ئەو رەوتە بە خێرایی لە ئێرانیشدا دەست پێ بکات، بەڵام، مەخابن دەبینین باڵاترین بەرپرسی وڵات هاوردەکردنی ڤاکسین قەدەغە دەکات”. ئەو پزیشکە ئێرانییە سەبارەت بە هه‌ستی خۆی دەڵێت: “لە منداڵێکی هەتیو دەچم کە بۆ یارمەتی چاو دەبڕمە دەرەوە ئەوە لە حاڵیکدایە کە لە ناوخۆدا هیچ کەس ئاوڕمان لێ ناداتەوە”. پزیشکێکی تر کە بە توندی لە بڕیارەکەی عەلی خامنەیی ناڕازیییە بە هەواڵنێری لومۆندی وتووە: “ئەو قەدەغەکردنە واتای چییە کاتێ هەموو جیهان کەڵک لەو ڤاکسینە وەردەگرن؟ بۆ دەبێ ئێران بەردەوام خۆی لە وڵاتانی تر جیا بکاتەوە؟ نازانم ئەو قسە بێ مانا و نەگونجاوانە تا کەی دەبێ بەردەوام بن”.

بە پێی راپۆرتەکەی لۆمۆند ئەو تووڕەییەی خەڵک پەیوەندی بە لێدوانەکانی بەرپرسانی حکومەتەوە هەیە، چونکە پێشتر بانگەشەی ئەوەیان دەکرد بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە توانای هاوردەکردنی دەوا و دەرمانیان نییە. گەنجێکی ئێرانی بە لوموندی وتووە کە “ئیدی ئێستا خەڵکی ئێران لەوە تێدەگەن کە کێشە لە گەمارۆکان نییە، بەڵکو تەنیا یەک کەسە بڕیاری داوە ڕێگری لە هاوردەکردنی ڤاکسین بکات”.

لوموند دەڵێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵکی ئێران ئەوە وەبیر دەهێننەوە کە داهێنەری بەناوبانگی ڤاکسینی فایزەر پزیشکێکی ئەڵمانیی بە رەچەڵەک تورکە بە ناوی ئوگور شاهین کە لە ساڵی ٢٠١٩دا خەڵاتی فستیڤاڵی مستەفای لە ئێران وەرگرت. ئەو خەڵاتە زۆر جار دەدرێ بە زانایەکی مۆسڵمان. لوموند ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە لە مەراسیمی پێشکەشکردنی ئەو خەڵاتەدا عەلیڕەزا مەرەندی پزیشکی تایبەتی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئامادە بوو. لوموند لە کۆتاییدا ئاماژە دەکات بە نامەیەکی ئەنجومەنی پزیشکانی ئێران کە بۆ حەسەن رۆحانی نووسەراوە و داوایان لێ کردووە بۆ دابینکردنی ڤاکسین تەنیا پێوەرە زانستییەکان و بەرژوەندییە نیشتمانییەکان لەبەرچاو بگرێت و پرسە سیاسییەکان وەلا بنێت. سەرەڕای ئەوە لۆموند بە دووری زانیوە کە حەسەن رۆحانی یان هەر بەرپرسێکی تری کۆماری ئیسلامی ئەوەندە بوێر بن کە پێچەوانەی مەیلی ڕابەری ئێران هەڵوێست بگرن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com