ئەمریکا: داهاتی نەوتی ئێران لە نۆ مانگی ساڵی ٢٠٢٠دا بۆ ١١ ملیار دۆلار دابەزیوە

0

نوچه‌نێت


فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا دەڵێت داهاتی نەوتی هەناردە و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران لە ماوەی ٩ مانگی ساڵی ٢٠٢٠دا تەنیا ١١ ملیارد دۆلار بووە.


ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی پێنجشەم ١٤ كانوونى دووه‌م بڵاو کراوەتەوە دەڵێت، ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ دا نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠١٨دا نزیکەی ٦٧ ملیار دۆلار داهاتی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی هەبووە.

بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بڕى گازی شل و هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێران دابەزیوە بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. پێش گەمارۆکانی ئەمریکا ئەو بره‌ ٣.٥ ملیۆن بەرمیل بوو.


هەروەها ئێران پێش گەمارۆکانی ئەمریکا ڕۆژانە نزیکەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتیی (نه‌وتى سپى، بەنزین، گازۆییل، گازی شل)ى هەناردە دەکرد بەڵام هیچ ڕاپۆرتێکی نوێ لەو بارەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


هەروەها چەند کاتژێر پێش بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا، رێکخراوەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئوپێک) راپۆرتی ساڵی ٢٠٢٠ی بڵاو کردەوە. بە پێی ئەو راپۆرتە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لەو ساڵەدا بۆ کەمتر لە ٢ ملیۆن بەرمیل دابەزیوه‌ و نرخی نەوتی هەناردەی ئێران زیاتر لە ٣٠٪ دابەزیوە.


ئێران رۆژانە پێویستی بە ١.٧ ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەیە و بەو جۆرە، کۆماری ئیسلامی تەنها ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بۆ هەناردەکردن دەمێنێتەوە.


پێش گەمارۆکانی ئەمریکا، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران نزیکەی ٣.٨ ملیۆن بەرمیل بوو کە ٢.١ ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرا. هەروەها ئێران ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل گازی شلەی هەناردە دەکرد. لە ئێستادا کۆی نەوتی خاو و گازی شلی هەناردەی ئێران دابەزیوە بۆ بڕی ٣٠٠ هەزار بەرمیل.


عەبدولناسر هێمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران، ڕۆژی پێنجشەم حه‌وتی كانوونى دووه‌م رایگەیاند، بڕی نەوتی هەناردەی ئێران لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٨وە تا ئێستا بە گشتیی کەمتر لە ٢٠ ملیار دۆلار بووە و ئەو پارەیەش دەستی بانکی ناوەندی گەیشتووە زۆر کەمتر بووە لەو بڕە. بەو جۆرە، رێژەی نەوتی هەناردەی ئێران لەم دوو ساڵەی دواییدا بە شێوەی مامناوه‌ندی نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار بووە.


هەڵبەت ئەو داتا و ئامارانەی هێمەتی ئاماژەی پێکردن تەنها نەوتی خاو لە خۆ دەگرن و بەرهەمە نەوتییەکانی لەبەرچاو نەگرتووە.


بە پێی هەڵسەنگاندنی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا ساڵی رابردوو کۆی داهاتی ئەندامانی رێکخراوەی ئوپێک لە هەناردەکردنی نەوت ٣٢٣ ملیار دۆلار بووە و ئەوەش نزیکەی نیوەی داهاتی ساڵی ٢٠١٩یە.


کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندام و هەروەها دابەزینی زیاتر لە 30% نرخی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٠دا، هۆکارەکانی دابەزینی کۆی داهاتی نەوتیی ئەو ڕێکخراوەیە بوون.


هەروەها دابەزینی داهاتی نەوتی وڵاتانی ئێران و ڤەنزۆێلا کاریگەری بەرچاوی بووە لە کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی ئوپێکدا.


بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ڤەنزۆێلا لە ٩ مانگی ساڵی ٢٠٢٠دا تەنیا ٤ ملیار دۆلار نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی فرۆشتووە. ئەو بڕە لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ٢٧ ملیارد دۆلار بوو. ئەمریکا گەمارۆی لەسەر ئێران و ڤەنزۆیلا داناوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com