وەزیری دەرەوەی ئیتالیا سوپاسی بارزانی دەکات، کەرابەرایەتی شەڕی گەورەترین هێزی تیرۆرستی جیهان دەکات
نوچەنێت
لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا سوپاسی سەرۆکی کوردستان دەکات، کە سەرپەرشتی و رابەرایەتی شەڕی گەورەترین هێزی تیرۆرستی جیهان دەکات، هەروەک سوپاسی رۆڵی پێشمەرگە دەکات و دەشڵێت”لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی وڵاتەكەیان لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوام دان بۆ ئەوەی بتوانن شێوازێك بدۆزنەوە كە لەڕووی سەربازی و مەدەنییەوە هاوكاریی خەڵكی كوردستان بكەن”
بەپێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کوردستان، ئێوارەی دوێنێ هەینی لەڕێی تەلەفۆنەوە، فێدێریكا مۆگێرینی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، پەیوەندی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی كوردستانەوە كرد، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سوپاسی بارزانیی كرد كە سەرپەرشتی و ڕابەرایەتیی شەڕی گەورەترین هێزی تیرۆریستیی جیهان دەكات و سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگە و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی كرد بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و كوردستان.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا پەرۆشیی و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند، كە هەرچی لەدەستیان بێت بۆ پاڵپشتیكردنی كوردستان درێخی ناكەن. وەزیری دەرەوەی ئیتالیا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا، ئاماژەی بەوەدا كە لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی وڵاتەكەیان، لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوام دان، بۆ ئەوەی بتوانن شێوازێك بدۆزنەوە كە لەڕووی سەربازی و مەدەنییەوە هاوكاریی خەڵكی كوردستان بكەن.
لەبەرانبەردا سەرۆکی کوردستان، سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا كرد و ڕایگەیاند”بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵییە كە لە كاتە سەختەكاندا، دۆستەكانمان پشتیوانی و هاوكاریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان دووپات دەكەنەوە”.
هەروەها بازرانی سوپاسی ئەمەریكا و فەڕەنسا و ئیتالیا و هەموو ئەو لایەن و وڵاتانەی كرد، كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یارمەتیی كوردستان دەدەن. ئەوەیشی خستەڕوو كە “كوردستان تەنیا شەڕی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناكات، بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكات. هەر لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە وەزیری دەرەوەی ئیتالیای گوتووە” بەرچاومان ڕوونە و كوردستان سەربەرزانە بەرگری لەخۆی و ئاییندەی خۆی دەكات و لە سەركەوتنی خۆمان دڵنیاین، گەلی كوردستان سوپاسی هەر وڵاتێك دەكات یارمەتیی بدات، هاوكاریی وڵاتان هەبێت یان نا كوردستان لەشەڕی تیرۆر و بەرگریكردن لە خۆی بەردەوام دەبێت”.