ئۆباما: کوردستان مۆدێلێکە بۆ ئەوانی دیکە و دەبێت بپارێزرێت
نوچەنێت . رووداو
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، باراك ئۆباما، رۆژی پێنجشەممە خۆی جیاكردوە لەهەموو سەرۆكەكانی پێشخۆی بەبەكارهێنانی پڕ مەدحترین ووشە بۆ كوردانی باشوور بەوەی توانیوویانە هەرێمێك پێكبهێنن كە بۆتە مۆدێل سەقامگیری پێكەوەژیان و شایستەی بەرگریلێكردنە.
گوتەكانی ئۆباما رۆژی هەینی لە میانی دیدارێكیدا هات لەگەڵ ستوننووسی دیار و كاریگەری رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، تۆماس فریدمان، لەكاتێكدا بوو كە فڕۆكەكانی ئەمریكا دەستیانكردبوو بە بۆمبارانكردنی ئەو هێزانەی دەوڵەتی ئیسلامی -كە زیاتر بە داعش ناسراون- و دەیانەویست بەرەو هەولێری پایتەختی كوردستان پێشڕەوی بكەن.
ئۆباما گوتی، “هەرێمی كوردستان بەوشێوەیە سەركەوتووە كە حەزدەكەین بیبینین. تەساموحی بەرامبەر مەزهەبەكانی تر و ئاینەكانی تر هەیە بە ئاستێك كە حەزدەكەین لە شوێنەكانی تر بیبینین. بۆیە پێمان وایە دەبێت دڵنیابین كە ئەو ناوچەیە بە پارێزراویی دەمێنێتەوە.”
ئۆباما گوتیشی كە كورد لە هەموو پێكهاتەكانی تر باشتر سوودیان لەو ئازادییە بینییووە كە هێزەكانی ئەمریكا بە رووخانی رژێمی سەددام بە یەكسانی بۆ هەموو عێراقییەكانی رەخساند و دەڵێت تۆپەكە لە یاریگای عێراقییەكان خۆیانە تا ماڵی خۆیان پێكەوە بنێن.
“ئێمە ناتوانین شتێكیان بۆ بكەین كە خۆیان ویستیان نییە بۆ خۆیانی بكەن. سوپای ئێمە هێندە بەهێزە كە ئەگەر بێتوو هەموو ئەو توانایەی هەمانە بیخەینە گەڕ، ئەتوانین سەرقاپێك بۆ ماوەیەكی كاتی بخەینە سەر گرفتەكان. بەڵام بۆ كۆمەڵگایەك تا بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بڕواتبەڕێووە، خەڵكەكەی دەبێت خۆیان بڕیار بدەن چۆن دەیانەوێت پێكەوە بژین.”
ئۆباما رۆژی پێنجشەممە فەرمانی بە هێزی ئاسمانی وڵاتەكەی كرد كە دوو كار لە باكوری عێراق ئەنجامبدەن. یەكەم، هێرش بكەنە سەر ئەو هێزانەی داعش كە دەیانەوێت لە هەولێر نزیك ببنەوە. دووەم، ئەو ئاوارە یەزیدیانە رزگاربكەن كە لە شاخی شنگال بێ ئاو و بێ خۆراك گیریان خواردبوو چوونكە لە خوارەوەی چیاكە هێزەكانی داعشی لێبوو.
رۆژی هەینی، (٨-٨-٢٠١٤) یەكەم رۆژبوو باراك ئۆباما ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆ پارێزگاریكردن لە كورد ئەنجامداو بوو بە سەرۆكێكی بێ وێنەی پارتی دیموكراتەكان تا ئاستێك كە رەنگە ئەم بڕیارە وایلێبكات لە مێژوودا بە دۆستی كورد، گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی سەر رووی زەمین، بناسرێت.
كورد هەمیشە خۆیان بە نزیكتر لە كۆمارییەكان هەژماركردووە چونكە دوو سەرۆكی ئەمریكا كە سەرەتا ساڵی ١٩٩١ ناوچەی دژە فڕینی بۆ كوردستانی باشووری دروستكرد و ئەو سەركردەیەش كە ساڵی ٢٠٠٣ رژێمی سەددام حسێنی رووخاند هەر كۆماریی بوون: جۆرج ئێچ دەبلیو بوش و جۆرد دەبلیو بوش (كە باوك و كوڕ بوون.)
رۆژی هەینی بەرپرسانی پنتاگۆنی ئاشكرایانكرد كە ئەمریكا لە بەرنامەیدایە خێراتر كۆمەكی سەربازی بۆ پێشمەرگەی كوردستان بنێرێت تا خۆی بەرگری لەخۆی بكات. لە نێو وڵاتانی ئەوروپادا تائێستا فەرەنسا و ئیتالیا و بەریتانیا رەزامەندیان دەڕبڕیووە بە ناردنی كۆمەكی مرۆیی یاخود سەربازی بۆ كوردستان.
ئۆباما ئەوەشی دووپاتكردووە كە هێرشە ئاسمانییەكانیان سنوورداردەبن:“نامانەوێت ببین بە هێزی ئاسمانی بۆ عێراق یاخود هێزی ئاسمانی بۆ كورد.”
بەڵام ئەوەی كەمتر ناڕوونە ئەوەیە كە “سنووردار” چۆن پێناسە دەكرێت. لەكاتێكدا پنتاگۆن دەڵێت ئامانجیان ئەوە نییە كە دوای هێزەكانی داعش بكەون لە هەر شوێنێك بن، دیار نییە چی كاتێك ئەمریكا هەست دەكات كە كوردستان و هاوڵاتییەكانی كە لەوێ لە مەترسیدانین.