سەدر: داعش هێرش دێنێتە سەر بەغدا
نووچەنێت-بەغدا
رێبەرى رەوتى سەدر دەڵێت رێکخستنە تیرۆریستییەکان ئامادەسازییان بۆ هاتنە ناو بەغدا تەواو کردووە و ئامادەیى خۆیشى پیشاندەدات بۆ کۆکردنەوەى هێز بەمەبەستى بەرگریکردن لەو شارە.
لە بەیاننامەیەکدا کە هەینى 8ى ئاب بڵاوى کردۆتەوە، موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر دەڵێت “چەند زانیارییەکى هەواڵگریمان بەدەستگەیشتووە کە دەرى دەخەن هەندێک رێکخراوى تیرۆریستى ئامادەسازییان تەواوکردووە بەمەبەستى پەلاماردانى بەغداى پایتەخت”، لە درێژەى بەیاننامەکەیدا هەروەها دەڵێت “بۆ پاراستنى ئاشتەوایى و پارێزگارى لە پیرۆزییەکان، ئامادەیى تەواومان تێدایە هێزى بەرگى ئامادە بکەین و بە تەنسیق لەگەڵ چەند لایەنێکى حکومى کەرەستەى پێویستیان بۆ دابین بکەین”.
سەدر دەڵێت دەبێ پەلە لە ئامادەسازییەکان بکرێت بۆ پاراستنى دەروازەکانى بەغدا و مزگەوت و پەرستگا و کەنیسەکان.
هەر هەمان رۆژ مەرجەعییەتى باڵاى شیعەکان هۆشدارى دابوو کە داعش بە قۆناغى جیاواز پەلامارى چینە جیاوازەکانى عێراق دەدات و داواى کردبوو هەموو لایەنە عێراقییەکان پشتى یەکبگرن لەدژى ئەو مەترسییە گەورەیەى لەسەر ئێستا و ئاییندەیانە.