ئۆجەلان: پێویستە كورد و توركمان و سریانی، دژی داعش تێكۆشانی هاوبەش ئەنجام بدەن
نوچە: هەولێر
عەبدوڵلا ئۆجەلان داوای یەكگرتنی كورد و توركمان و سریانی و نەتەوەكانی دیكە دەكات لە دژی داعش، وتویشییەتی “داعش مەترسین لەسەر ژانی هاوبەش و دیموكراتی گەلانی هەرێمەكە”.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێی پارێزەرەكانییەوە رایگەیاندووە “پێویستە هەموو هێزە كوردییەكان لە سلێمانییەوە تاوەكو تل كۆچەر لە رۆژئاوای كوردستان ، بەرامبەر چەكدارانی داعش یەكبگرن”.
ئۆجەلان وتویشیەتی “مەبەستی داعش لە هێرشكردنە سەر شنگال بۆ ئەوەیە بتوانێ دەست بەسەر رۆژئاوای كوردستاندا بگرێت ، كە ئێستا زۆرتر لەژێر دەسەڵاتی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD دایە”، هەروەها وتویەتی “”چەتەكانی داعش دەیانەوێ شەنگال و تەلەعفەر بەتەواوی بگرن و بەوشێوەیە دەسەڵاتی خۆیان بەهێز بكەن و بەوجۆرەش هێرش بكەنە سەر رۆژئاوای كوردستان . بۆیە پێویستە لەبەرامبەر ئەوەدا هەموو هێزە كوردییەكان لە سلێمانییەوە تاوەكو تلكۆچەر یەكبگرن . دەبێ كورد لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستێكی نەتەوەیی و هاوبەشی هەبێت”.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە پارێزەرەكانی وتووە “چەتەكانی داعش مەترسین لەسەر ژیانی هاوبەش و دیموكراتی گەلانی هەرێمەكە . دەبێ لەبەرامبەر چەتەكانی داعش توركمان ، سریانی ، كورد ــ ئێزدی و نەتەوەكانی دیكە تێكۆشانێكی هاوبەش ئەنجامبدەن “.