(نوچەنێت)
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەسەرەتای مانگی داهاتوەوە تۆماری دەنگدەران لەرێگەی سیستەمی بایۆمەترییەوە نوێ دەکرێتەوە و بۆ گەرەنتیکردنی هەڵبژاردنەکانیش کارکردن بەکارتی دەنگدان کەبەشێوەیەکی کاتی دروستکراون هەڵدەوەشێنرێنەوە و ناوەکانیان لەلیستی دەنگدەران دەسردرێتەوە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەسەرەتای مانگی داهاتوەوە بۆ ماوەی (30) رۆژ تۆماری دەنگدەران لەرێگەی سیستەمی بایۆمەترییەوە نوێ دەکرێتەوە پڕۆسەکەش زیادکردنی دەنگدەران، سڕینەوەی ناوی ئەوانەی لەژیاندا نەماون و دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لەخۆدەگرێت.
ئەوەش هاتوە، بۆ گەرەنتیکردنی پرۆسەیەکی پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکان و دانانی سنورێک بۆ ساختەکاری، کۆمسیۆن بڕیاریدا کارکردن بەو کارتانەی دەنگدان رابگرێت کەلەنێوان ساڵانی 2013 – 2018 بەشێوەیەکی کاتی دروستکراون و ناوی ئەو کەسانە لەناو لیستی دەنگدەران دەسڕدرێتەوە، بۆیە ئەو کەسانە پێویستە دوبارە ناوی خۆیان تۆماربکەنەوە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەشکردوە، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە (6-6-2021) بەڕێوەبچێت، عێراق کراوە بە 83 بازنەی هەڵبژاردن و کۆمسیۆن هەنگاوی یەکەمی بۆ جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بازنەکانی دەستپێکردوەو بۆ ئامێرەکانی پرۆسەی دەنگدانیش رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای میرۆی کۆری واژۆکراوە.