نوچه‌نێت
رۆژنامه‌ى ئيندپێندنت ئه‌مڕۆ باس له چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك ده‌كات كه وا ده‌رده‌خه‌ن، به‌غدا ده‌ستى به جووڵه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ى ته‌ختى میلیشیاكانى سه‌ر به ئێران هه‌ڵبگێڕێته‌وه.
له راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه ده‌كات چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك هه‌یه كه ئه‌مجاره به‌غدا ده‌یه‌وێ به ته‌واوى سنوورێك بۆ میلیشیاكانى سه‌ربه ئێران دابنێ و چیتر قبووڵى نه‌كات هێزێكى هاوتاى ده‌وڵه‌ت هه‌بێت.
یه‌كه‌م ئاماژه به بڕواى رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌یه، دواى دوو ساڵ له هێرشه مووشه‌كییه‌كان حكوومه‌تى كازمى گرتنى گرووپێكى راگه‌یاندووه.
دووه‌م ئه‌و گرووپه تا ئێستا راده‌ستى ده‌زگاى ئه‌منى حه‌شدى شه‌عبى نه‌كراون و هه‌ر له‌لایه‌ن هه‌واڵگرییه‌وه ماونه‌ته‌وه.
سێیه‌م ئاماژه به بڕواى رۆژنامه‌كه له هه‌ینى رابردوو ده‌ركه‌وت كاتێك میلیشیاكان بۆ به‌ردانى گیراوه‌كان هه‌ڕه‌شیان كرد، كه‌چى كازمى رووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌كه بووه‌وه و له‌گه‌ڵ فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان رژانه سه‌ر شه‌قام.
به بڕواى ئيندپێندنت ئه‌مانه هه‌مووى ئاماژه‌ن بۆ گێرانه‌وه‌ى متمانه‌ى حكوومه‌ت كه هێشتایش چاودێرانى سیاسى پێیانوایه به‌گوێره‌ى پێویست نییه.
رۆژنامه‌كه باس له‌وه ده‌كات ئێستا هه‌لێك بۆ كازمى ره‌خساوه تا به ته‌واوى له ده‌سه‌ڵاتى میلیشیاكان نه‌هێڵى، چونكه بارودۆخێكى نوێ هاتووه‌ته ئاراوه له‌وانه لایه‌نه سیاسییه‌كانى شیعه له نموونه‌ى سه‌در له‌گه‌ڵ لێدانى میلیشیاكانن، دووه‌م ئێران نایه‌وێ له‌و كاته‌دا به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌بێت، سێیه‌م به‌شێكى زۆر له حه‌شد كه به حه‌شدى مه‌رجه‌عییه‌ت ناوده‌برێن جیابوونه‌ته‌وه.